لێدوانی راهێنەران.. یاریی لایپزیگ و مانچێستەر سیتی

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا، دەبێتە میوانی یانەی لایپزیگی ئەڵمانی.
 
راهێنەری هەردوو یانە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، باسی یارییەکەیان کرد و بۆچوونی خۆیان لەسەر تیپەکانیان خستەڕوو، کە ئەمە پۆختەی لێدوانەکانی هەردوو راهێنەرەکەیە:
 
مارکۆ رۆز، راهێنەری یانەی لایپزیگ:
 
قژی مارکۆ رۆز کەمبووەتەوە و لەوانەیە هەندێک پیر بووبێت، بەڵام مارکۆ رۆز هێشتا وەک خۆیەتی، جگە لەوەش راهێنەر بووە لە یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند، بەڵام بەردەوام بووم لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵە یاریزانێکی گەورە کە متمانەیەکی زۆریان بەخۆیان هەیە. من لەنێو یاریگەدا نابم، بەڵکو یاریزانەکان یاری ئەنجام دەدەن.
 
دەمانەوێت رکابەری لەگەڵ یەکێک لە باشترین یانەکانی ئێستای تۆپی پێی جیهان بکەین، دەبێت هەل دروست بکەین و دەمانەوێت بە بوێرییەوە یاری بکەین، و چارەسەر بۆ هەموو ئەو کێشە و بەربەستانە بدۆزینەوە کە رووبەڕوویان دەبینەوە و ئێرلینگ هالاند یەکێکە لەو کێشانە. دانی ئۆلمۆ ئامادەی یارییەکە نابێت و کریستۆفەر نکۆنکو لە دۆخێکی باشدا نییە، بەڵام پێموایە ئەو تیپەی کە هەمانە بەباشی ئامادەکاری کردووە، دڵنیام کە ئاستێکی نایاب لێرە لەبەردەم هاندەرانمان پێشکێش دەکەین، کە پشتگیریمان دەکەن.
 
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی:
 
ئەگەر سبەی ژیانی وەرزشیم کۆتایی پێبێت و چیدی راهێنەر نەبم، دەڵێم من بەختەوەرم و سوپاسگوزارم بۆ ئەوەی لە بارسێلۆنا و بایرن میونشن و لێرە، لە ئەوروپا، لەم پاڵەوانێتییەدا بەدەستم هێناوە، هەرگیز چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد بەدەستیان بهێنم، لەگەڵ ئەو یانانە لە ماوەیەکی وا کورتدا، کە سیانزدە یان چواردە ساڵدا پێکەوە سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە، تەنیا لەبەرئەوەی بەو شێوەیە یاریمان کردووە کە من حەزم لێیە، ناتوانم داوای زیاتر بکەم. 
 
ئێمە دەمانەوێت هەموو هەوڵێک بدەین و بگەینە قۆناخی چارەکی کۆتایی، ئەوەی روودەدات روودەدات و لە کۆتاییدا ئەوەی لە چارەنووسدا نووسراوە ناتوانین بیگۆڕین، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین، کە هەمیشە هەروامان کردووە.
 
هەمووان بەو روانگەیە سەیری تۆپی پێ دەکەن کە هەموو شتێک خراپە ئەگەر جامەکان بەدەست نەهێنیت، بەڵام من وەک خۆم نامەوێت بەو روانگەیەوە سەیری خۆم بکەم. من بەختم هەیە کە لێرە ئەوەم لەبەرچاو نەگرتووە کە دەبێت هەموو ساڵێک پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ ببەینەوە. جگە لە ریال مەدرید هیچ تیپێکی دیکە ناتوانێت ئەوە بکات. هەوڵدەدەین ئەوە دووبارە بکەینەوە کە کردوومانە، چونکە لە دوو وەرزی رابردوودا نزیک بووین لەوەی ئەو دەستکەوتە بەدەستبهێنین، جارێکی دیکەش هەوڵ دەدەینەوە.