ڤیدیۆ؛ لێدوانی راهێنەران.. یاریی ئینتەرمیلان و پۆرتۆ

22-02-2023
ئیحسان تاهیر
ئینزاگی و کۆنسیساو
ئینزاگی و کۆنسیساو
نیشانەکردن سیمۆنی ئینزاگی سێرجیۆ کۆنسیساو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لەسەر یاریگەی خۆیدا، میوانداری یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی دەکات.
 
راهێنەری هەردوو یانە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، باسی یارییەکەیان کرد و بۆچوونی خۆیان لەسەر تیپەکانیان خستەڕوو، کە ئەمە پۆختەی لێدوانەکانی هەردوو راهێنەرەکەیە:
 
 
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان:
 
سەبارەت بە یاری بەرامبەر پۆرتۆ پێویستمان بە زۆرترین وریایی هەیە، چونکە ئەم جۆرە یارییانە بە 180 خولەک ئەنجام دەدرێن، وریایی و هەڵەنەکردن جیاوازی دروست دەکەن، یارییەکان لەم ئاستەدا زۆر قورسن، بەڵام دەبێت لە باشترین ئاستی خۆماندا بین. چونکە پۆرتۆ تیپێکی گەورەیە و بە گوشارخستنە سەر یاریزانی تیپی بەرامبەر جیا دەکرێتەوە، هیچ یاریزانێکیشی تەنانەت بۆ یەک چرکەش لە کەشی یارییەکە دەرناچێت.
 
لوکاکو بەمدواییانە گەڕاوەتەوە، بەراورد بە برۆزۆڤیچ، بەمەبەستی ئەنجامدانی یاری زیاتر، بەرەو پێش دەچێت و پابەندبوونێکی زۆر نیشان دەدات، سەبارەت بە خۆی و برۆزۆڤیچ و یاریزانەکانی دیکەش، هەوڵدەدەین باشترین بژاردە بۆ تیپەکەمان بکەین،  ئەگەری هەیە ئەوان بە سەرەکی یاری نەکەن، چونکە لە ماوەی یارییەکەدا سوودیان دەبێت، کاتێک باس لەو جۆرە یارییانە دەکرێت، گۆڕانکاری لە دوا خولەکەکاندا گرنگترینە، کاتێک تیپەکە ماندوو دەبێت و دەکرێت هەڵە بکات، دەتوانین رووبەرەکان بە شێوەیەکی جیاواز بەکاربهێنین.
 
سێرجیۆ کۆنسیساو، راهێنەری یانەی پۆرتۆ:
 
یارییەکە پەیوەندی بە سیمۆنی ئینزاگی و کۆنسیساوەوە نییە، ئینتەر و پۆرتۆ دوو تیپی پڕن لە مێژوو، دیارە رووبەڕووبوونەوەی سیمۆنی جێگەی خۆشحاڵییە، لە رۆما پێکەوە یاریمان کردووە و نازناوی گرنگمان بۆ لازیۆ بەدەستهێناوە، ئێستا یانەکانمان رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. ئێمە کارێکی جیاواز دەکەین، چاوەڕێی یارییەکی قورس دەکەم بەرامبەر تیپێک کە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا زۆر پێشکەوتووە، دەزانین سیمۆنی چۆن حەزی لە یاریکردنە، ئێمە سەیری یارییەکانی ئینتەرمان کردووە و هەموو ئەو شتانەمان ئامادە کردووە کە بە گرنگ دەزانین. بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە کێشەمان تێدا هەبووە.
 
دووبارەی دەکەمەوە پۆرتۆ یانەیەکی خاوەن مێژووە، لە ساڵی 2006ـەوە تەنیا بایرن میونشن نازناوی نیشتمانی و نێودەوڵەتی زیاترە لە پۆرتۆ، کاتێک باس لە بودجە دەکرێت، ئێمە شانبەشانی برۆج کەمترین بودجەمان هەیە لەو تیپانەی کە لەم وەرزەدا لە چامپیۆنزلیگ ماونەتەوە، بەڵام ئەوەی لەنێو یاریگەدا روودەدات گرنگە، متمانەی تەواوم بە تیپەکەم هەیە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین ئاستێکی باش پێشکەش بکەین. بۆیە دەتوانین باس لەوە بکەین کە پۆرتۆ دەکرێت بگاتە قۆناخی چارەکی کۆتایی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە