کارلۆ ئەنچیلۆتی: لیڤەرپوول لە بێرنابیۆدا کێشەمان بۆ دروست دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئامادە نەبوو دان بەوەدا بنێت کە سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ مسۆگەرکردووە، سەرەڕای بردنەوە گەورەکەیان لە لیڤەرپوول، ئەو گوتی "پێموایە کۆتایی نەهاتووە، لە یاریی گەڕانەوەدا کێشەمان بۆ دروست دەکەن".
 
لە یارییەکی پڕ لە جۆش و خرۆش و سوپرایزدا، ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی ئانفێڵد بووە میوانی لیڤەرپوول و 5-2 لێیبردەوە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "لە سەرەتاوە زۆر تووند بوون لەگەڵمان، بێگومان چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد یارییەکە بەم شێوەیە دەست پێبکەین، خۆشبەختانە ئەوەی هەمیشە لەگەڵ ئەم تیپەدا روودەدات ئەوەیە کە بە هێمنی هەڵسوکەوتمان کرد و وردە وردە دەستمان کرد بە رکابەریکردن بە بەکارهێنانی لێهاتوویی یاریزانەکانمان".
 
ئەو هەروەها گوتی "ئەمشەو هێرشبەرانمان زۆر کاریگەر بوون، لە هەموو روویەکەوە کێشەمان بۆ لیڤەرپوول دروست کرد".
 
کارلیتۆ دووپاتیکردەوە "دەزانم لە 90 خولەکی یەکەمدا دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئێمەدا تەواو بووە، بەڵام دەبێت 90 خولەکی دووەمیش بە باشی بەڕێوەببەین کاتێک لە مەدرید یاری دەکەین. تاوەکو ئێستاش پێموایە لیڤەرپوول تیپێکی زۆر رکابەرییە، چونکە لە سەرەتای یارییەکەدا کێشەیەکی زۆریان بۆ دروستکردین، بۆیە پێموایە لە یاریی گەڕانەوەشدا کێشەمان دەبێت. کۆتایی نەهاتووە".
 
ئەو زیاتر گوتی "سەرکەوتن لێرە ئاسان نییە، سەرکەوتن بەم ئەنجامە مەزنەش زۆر قورسترە، ئێمە رازیین بەم ئەنجامە، تیپەکەمان نیشانی داوە کە دەست بە باشتربوون دەکات، ئەوەش دوای ئەو ئاڵۆزییانەی لە مانگی یەکدا هەمانبووە و ئێمەش واین. لە مانگی یەکدا رووبەڕووی کێشە بووینەوە، لە شوباتدا لە دۆخێکی باشترداین. پێویستە لەم ئاستەدا بین لەم قۆناخەدا، لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە وەرزەکەدا ماوە".