کڵۆپ: خۆمان 5 گۆڵەکەمان بە ریال مەدرید بەخشی

رووداو دیجیتاڵ

 

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، لە دوای دۆڕانە گەورەکەی یانەکەی بەرامبەر ریال مەدرید، هیوایەکی هێشتەوە بۆ سەرکەوتن و گوتی "لە ئێستاوە پێتان دەڵێم بۆ سەرکەوتن دەچینە سانتیاگۆ برنابیۆ، ئایا دەبەینەوە یان نا؟ ئەوە نازانم".
 
لە یارییەکی پڕ لە جۆش و خرۆش و سوپرایزدا، ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی ئانفێڵد بووە میوانی لیڤەرپوول و 5-2 لێیبردەوە.
 
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکان کرد و سەرەتا سەبارەت بەوەی ئایا دوای ئەم دۆڕانە گەورەیە، چامپیۆنزلیگ بۆ رێدز کۆتاییهاتووە یان نا؟ گوتی "پێموایە کارلۆ ئەنچیلۆتی پێیوایە ئەم قۆناخە کۆتاییهاتووە، منیش هەروا، بەڵام ئەوە بیرکردنەوەمە لەم کاتەدا، دوای سێ هەفتە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەوکات چۆن هەست دەکەیت، تا زیاتر لە یارییەکە نزیک ببیتەوە، چانسمان زیاتر دەبێت و پتر هەستدەکەی ئەم قۆناخە کۆتایی نەهاتووە، ئەگەرچی دوای دۆڕانەکەمان بە ئەنجامی 5-2 هەست دەکەیت هیچ چانسمان نەماوە".
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکەی لیڤەرپوول، هەروەها گوتی "ریال مەدرید لە هێرشی هەڵگەڕاوەدا باشە، تەنانەت بەو شێوەیەش پێویستە سێ گۆڵ لە یاریگەی بێرنابیۆدا تۆمار بکەین، مەترسی دەبێت، بەڵام ئێستا ئەوە لە مێشکمدا نییە. لە ئێستاوە پێتاندەڵێم کە دەچینە ئەوێ بۆ سەرکەوتن دەچین، بەڵام ئایا دەتوانین یان نا؟ من  نازانم، بەڵام هەوڵ دەدەین بیکەین و با بزانین".
 
کڵۆپ لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی "ئەمشەو هەموو شتێک روون بووەوە، پێموایە خۆمان هەر پێنج گۆڵەکەمان بەوان بەخشی، مانای وایە دەمانتوانی ئاستێکی باشتر پێشکێش بکەین. بەڵام هەموو شتێک جیاوازبوو".
 
سەبارەت بە دەستپێکی یارییەکە و بارودۆخی یانەکەی؟ کڵۆپ گوتی "پێموایە ئەوە گرنگە بۆ ئێمە هەنگاوە ئەرێنییەکانمان ببینین، پێموایە ئاستی ئێمە لە گێمی یەکەمدا، جگە لە دوو گۆڵەکەیان، باشترین ئاستمان بوو لە ماوەی ئەم وەرزەدا، ئەوەم زۆر بەدڵ بوو".