ڤیدیۆ؛ ناپۆلی قاچێکی خستە قۆناخی 8ـی چامپیۆنزلیگ

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، قاچێکی خستە قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، ناپۆلی بووە میوانی ئینتراخت فرانکفورتی ئەڵمانی و بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر شکستیپێهێنا.
 
هەر لە سەرەتاوە ئیتاڵییەکان نیازی خۆیان بۆ بردنەوە لەسەر خاکی ئەڵمانەکان نیشاندا و چەندینجار هەوڵی گۆڵکردنیان دا، بەڵام گۆڵی یەکەمیان دواکەوت تاوەکو خولەکی 40 کاتێک گۆڵکار و ئەستێرەی یانەکە، ڤیکتۆر ئۆسیمێنی نایجیری توانی تۆڕی یانەی خاوەن ماڵ بهەژێنێت.
 
لە نیوەی دووەمدا تاوەکو راددەیەک یارییەکە هاوسەنگ بوو، بەڵام ئەمجارەش ئیتاڵییەکان دەستپێشخەربوون و لە خولەکی 65ـدا جیۆڤانی دی لۆرێنزۆ گۆڵی دووەمی بۆ یانەی میوان زیادکرد.
 
دوای ئەو گۆڵە یاریزانانی فرانکفورت زۆر هەوڵیاندا لانیکەم گۆڵێک تۆماربکەن، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان بێسوود بوون و یارییەکە بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی ناپۆلی کۆتاییهات.
 
هەردوو یانە لە یاریی گەڕانەوەدا، لە 15ـی مانگی داهاتوو، لەسەر یاریگەی دیێگۆ مارادۆنا، رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە بۆ ئەوەی یەکێکیان بلیتی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە وەربگرێت.