ڤیدیۆ؛ نادال: بۆ ئەکاپولکۆ ئامادەم

رووداو دیجیتاڵ

 

رافایێل نادال، تێنسزانی ئیسپانی، ئامادەباشی خۆی بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی تێنسی کراوەی ئەکاپولکۆ لە مەکسیک، راگەیاند و گوتی "من بە باشی چاکبوومەتەوە و ئامادەم بۆ بەشداریکردن لەم پاڵەوانێتییە"، هەروەها گوتیشی "دوای بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی تێنسی کراوەی ئوسترالیا زۆر دڵخۆشم، نەک لەبەر نازناوەکە، بەڵکو تەنیا لەبەرئەوەی گەڕاومەتەوە نێو یاریگەکانی تێنس".
 
نادال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و سەرەتا سەبارەت بە زەحمەتیی پاڵەوانێتییەکانی تێنس قسەی کرد و گوتی "چوار پاڵەوانێتییە گەورەکە زەحمەتن، یارییەکان ئەگەر دوو رۆژیش یارییەک بکرێت هەر زەحمەتن، چونکە یارییەکان درێژخایەنن، چوار کاژێر یاریکردن، ئەوە چیرۆکێکی جیاوازە".
 
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "لە مەکسیک بارودۆخەکە هەندێک قورسە لە رووی شێ و گەرمییەوە، بەڵام هەمیشە حەزدەکەم لێرە یاری بکەم، من پێشتر هەندێک هەستی باشم لێرە هەبووە، من بە پەرۆشم بۆ گەڕانەوە و یاریکردنەوە، هیوادارم ئامادەبم بۆ یاریکردن، نازانم چی روودەدات، بەڵام من دڵخۆشم بە ئامادەبوونم لێرە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لێرە یاریی تێنس بکەمەوە".
 
رافایێل نادال، کە بەر لە چەندی رۆژێک بووە پاڵەوانی تێنسی کراوەی ئوسترالیا، زیاتر گوتی "دوای بردنەوەی نازناوی ئوسترالیا هەندێک ساتی زۆر خۆشم هەبوو، هەروەها هەندێک هەستی خۆشم هەبوو کە گەڕامەوە نیشتیمان و لەگەڵ هەندێک لەو کەسانەی خۆشم دەوێن کاتێکی خۆشم بەسەربرد، بێگومان دوای ئەوە جەستە هەندێک ماندوو دەبێت، بەڵام بەڕاستی دۆخەکە ئەوەندە خراپ نەبوو، بۆیە زوو دەستم بە مەشقەکان کردەوە".
 
تێنسزانی ئیسپانی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی "لەبەرئەوە هەست دەکەم من دەمەوێت بەردەوام بم، لەبەر ئەو هۆکارەشە کە من لێرەم، من بە پەرۆشم بۆ بەردەوامیدان بە یاریکردن".