ئایاکس 7.85 ملیۆن یۆرۆ دەداتە عەبدولحەق

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئایاکسی هۆڵەندی دانی بەوەدا نا کە کەمتەرخەمی کردووە لە کاتی تووشبوونی یاریزانی پێشووی، عەبدولحەق نوری بە جەڵتەی دڵ و رایگەیاند "لەگەڵ خانەوادەی یاریزانەکە رێککەتووە و بە پارە قەرەبوویان دەکاتەوە".
 
یانە هۆڵەندییەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، رایگەیاند "بڕی 7.85 ملیۆن یۆرۆ وەک قەرەبوو دەدەینە خانەوادەی عەبدولحەق، کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2017 لە یارییەکی دۆستانەدا تووشی جەڵتەی دڵ بوو".
 
ئیدوین ڤان دێر سار، بەڕێوەبەری گشتی یانەی ئایاکس، رایگەیاند "هەموومان درک بەوە دەبەین کە مەینەتییەکانی عەبدولحەق و خانەوادەکەی کۆتاییان نەهاتووە، هێشتا دۆخەکە زۆر خەمگیناوییە".
 
عەبدولحەق نوری، کە ئێستا تەمەنی 24 ساڵە، رۆژی 8ـی7ـی 2017 لە نەمسا لە یارییەکی دۆستانەی نێوان ئایاکس و ڤێردێربرێمەنی ئەڵمانیدا تووشی جەڵتەی دڵ بوو، بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە مێشکی گەیشت و ماوەی زیاتر لە 4 ساڵ بە بێهۆشی مایەوە، کە خانەوادەکەی لە ماڵەوە چاودێرییان دەکرد.
 
لە ئاداری 2020ـدا یانەی ئایاکس هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەی راگەیاند، کە لە مانگی شەشی 2018 خانەوادەی عەبدولحەق لای لیژنەی ناوبژتیوانی نێودەوڵەتی سکاڵای لەسەر یانەی ئایاکس تۆمارکردبوو، داوای قەرەبووی دەکرد.
 
لە نوێترین پێشهاتدا، یانە هۆڵەندییەکە دانی بەوەدا نا کە لە کاتی چارەسەریدا کەمتەرخەم بوونە، بۆیە خانەوادەی یاریزانەکە بە 7 ملیۆن و 850 هەزار یۆرۆ قەرەبوو دەکاتەوە، دووپاتیشیکردەوە کە لەوەتەی هاوینی 2017ـەوە یانەکە خەرجییەکانی چارەسەری یاریزانەکەی لە ئەستۆ گرتووە و بەردەوامیش دەبێت.
 
بە قسەی برای عەبدولحەق، ئێستا یاریزانەکە لە کۆمادا دەرچووە و دەتوانێت دەوروبەری خۆی بناسێتەوە، بەڵام هێشتا لەنێو جێگەدا ماوەتەوە.