لوکا مۆدریچ نزیکە لە بەدیهێنانی خەونەکەی

رووداو – هەولێر

لوکا مۆدریچی یاریزانی یانەی ریال مەدرید، سەبارەت بە داهاتووی یاریکردنی لەگەڵ کارگێڕی یانە شاهانەکە لە گفتوگۆدایە.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە و لوکا مۆدریچ لەگەڵ کارگێڕی یانەی ریال مەدرید گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و کۆتاییهێنان بە دەنگۆی رۆیشتنی ئەو یاریزانە بۆ ئینتەر میلان.

باشترین یاریزانی جیهان گرێبەستەکەی لە ساڵی 2020دا کۆتاییدێت، بەڵام ریال مەدرید دەیەوێت ساڵێکی دیکەش لوکا لەگەڵیاندا بەردەوامبێت و گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2021 کۆتاییپێبێت لەگەڵ لۆس بلانکۆس، ئەوکاتیش مۆدریچ تەمەنی دەبێتە 36 ساڵ و رەنگە هەر لە یانەکەی واز لە یاریکردن بهێنێت و پێشتریش یاریزانە کرواتییەکە گوتبووی، حەزدەکەم لە ریال مەدرید کۆتایی بە کاروانی وەرزشی خۆم بهێنم.

مۆدریچ لە ساڵی 2012 لەسەر داوای خۆزێ مۆرینیۆ لە یانەی تۆتێنهامەوە گرێبەستی لەگەڵدا واژۆکرا بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی ریال مەدرید و ئەمساڵیش لوکا بە باشترین یاریزانی جیهان و ئەوروپاش دەستنیشانکرا.