ڤیدیۆ؛ ئەو 5 یاریزانەی لە جامی ئاسیا زۆرترین چاویان لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی جامی ئاسیا لە قەتەر بەردەوامن، پێنج یاریزان لە پاڵەوانێتییەکەدا چاوی زۆریان لەسەرە و هاندەرانیان چاوەڕێی دەرکەوتنێکی زۆرباشیان دەکەن و چاوەڕواندەکرێت ببنە بەشێک لە ئەستێرە دیارەکان لە جامی ئاسیای ئەمجارەدا.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، عەلی جاسم، یاریزانێکی تەمەن 20 ساڵە، دوای ئەو ئاستەر بەرزەی بەدرێسی قوە جەوییە پێشکێشیکرد، بۆ جامی ئاسیا بانگهێشتکرا و لە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەکات.
 
یاریزانەکە بە جوڵە و خێرایە و هاندەران چاوەڕوانییەکی زۆریان لەو یاریزانە لاوە هەیە.
 
لی کانگ ئین، ئەستێرە 22 ساڵەکەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و هەڵبژاردەی کۆریای باشوور.
 
یاریزانەکە لە هێڵی ناوەڕاست یاریی دەکات، لە یەکەم یاریی کۆریادا دوو گۆڵی تۆمارکرد و هەر زوو تواناکانی دەرخست، کانگ دەیەوێت لەگەڵ سۆن و هاوڕێکانی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیا بکەن.
 
لە هەڵبژاردەی ئوردن هەموو چاوەکان لەسەر یەک یاریزانن، ئەویش موسا تەعەمەری، هێرشبەر و گۆڵکاری یانەی مۆنپێلێی فەرەنسییە، تەعەمەری لە یاریی یەکەمیاندا لە جامی ئاسیا دوو گۆڵی تۆمارکرد، ئێستا هەڵبژاردەکەیان خاوەنی 4 خاڵە و چاویان لە گەیشتنە بە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا.
 
موسا تەعمەری، یاریزانی هەڵبژاردەی ئوردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە ئامانجمان هەیە، بەڵام هەر یارییەک کەشێکی تایبەت و دۆخێکی تایبەتی هەیە. چی بۆت بڵێم، ئێمە ناتوانین باسی رابردوو بکەین، یارییەکی گرنگمان بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین هەیە، داوتر دەبینین کە چی روودەدات."
 
لە رۆژهەڵاتی ئاسیا و لە ریزەکانی هەڵبژاردەی تایلەند، باشترین هەڵبژاردەی ئەو بەشەی کیشوەرەکە، دیارترین یاریزان سوپاچای چایدێدە.
 
یاریزانەکە لە هێڵی هێرشبەر یاریی دەکات، لە یەکەم یارییدا بەرامبەر مالیزیا دوو گۆڵی تۆمارکرد، هەڵبژاردەکەی تەنیا یەک هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا و یاریزانەکەش زیاتر بدرەوشێتەوە.
 
هاوڕێکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕ و هەڵبژاردەی سعودیە، عەبدولرەحمان غەریب، یاریزانە لاوەکەی پێکهاتەی رۆبێرتۆ مانچینی، یەکێکە لەو یاریزانانەی لە پاڵەوانێتییەکەدا چاوی لەسەرە.
 
غەریب لە یەکەم یارییاندا بەرامبەر عومان گۆڵێکی تۆمارکرد و گرێی یارییەکی ئاڵۆزی کردەوە، لەگەڵ هەڵبژاردەکەی گەیشتووەتە قۆناخی 16 و دەیەوێت هەنگاوی زیاتر بچێتە پێشەوە.