ئەمشەو لە سعودیە.. ئینتەرمیلان و ناپۆلی رکابەری لەسەر یەکەم نازناوی ئەم وەرزەی ئیتاڵیا دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

ناپۆلی دوای رۆیشتنی لوچیانۆ سپالێتی راهێنەری، کە دواتر رۆدی گارسیا شوێنی گرتەوە، وەک پێویست چێژی لە خۆشیی بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی رابردووی سێریا ئەی نەبینی، بەهۆی ئەوەی لەژێر سەرپەرشتی گارسیادا نەیتوانی ئاستێکی باش پێشکێش بکات، دەرئەنجام ئەویش لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و واڵتەر مازاری جێگەی گرتەوە. بۆیە ئەمشەو دەرفەتی ئەوەی دەبێت بە بردنەوەی جامی سوپەری ئیتاڵیا هەندێک دڵی هاندەرانی خۆش بکاتەوە، کاتێک لە سعودیە لەسەر یاریگەی ئەول پارک لە یاریی کۆتایی جامی سوپەردا رووبەڕووی ئینتەرمیلان دەباتەوە.
 
ئینتەرمیلان و ناپۆلی هەموو هەوڵێک لەدژی یەکدی دەخەنەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، کە ناپۆلی لە قۆناخی پێش کۆتاییدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە فیۆرێنتینای بردەوە، و ئینتەرمیلانیش بەهەمان ئەنجام شکستی بە لازیۆ هێنا.
 
ناپۆلی بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ پلەی نۆیەمی خولی ئیتاڵیای گرتووە، ئەمەش هاندەرانی ئەو یانەیەی تووڕە و ناڕازی کردووە و دەبێت مازاری و یاریزانەکانی باش بزانن کە لەدەستدانی ئەم نازناوە دۆخەکە زیاتر دەشلەقێنێت و هاندەرەکانی ناپۆلی زیاتر تووڕە دەکات و ئەگەری لێکەوتەی خراپتریشی دەبێت.
 
لەدوای دەستبەکاربوونی مازاری، ئەنجام و ئاستی تیپەکە پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە نەبینیوە، هەروەها تیپەکە لە جامی ئیتاڵیا دەرکراوە، بەڵام ئەو راهێنەرە کە پێشتر لەنێوان ساڵانی 2009 بۆ 2013 راهێنەری تیپەکە بووە، پێیوایە بردنەوەی جامی سوپەری ئیتاڵیا وادەکات دەرفەتێک بێت بۆ ئاشتکردنەوەی هاندەران بە بەدەستهێنانی نازناوەکە بۆ سێیەمجار، کە پێشتر لە ساڵانی 1990 و 2014 بەدەستیهێنابوو.
 
ئەوەی ئەرکی مازاری و ناپۆلی زەحمەتتر دەکات ئەوەیە کە لەم یارییەدا لە تواناکانی هەردوو یاریزانەکەی، ڤیکتۆر ئۆسێمینی نایجیری و فرانک ئەنگویسای کامیرۆنی بێبەش دەبێت، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان لە کوتدیڤوار بەشداری لە جامی ئەفریقا دەکەن.
 
لەوەش خراپتر بۆ ناپۆلی ئەوەیە کە ئینتەرمیلانی رکابەری بە کاتێکی زۆر باشدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێدەچێت ئینتەرمیلان بەربژێرتر بێت بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە بۆ جاری هەشتەم لە مێژووی خۆیدا. بەتایبەتیش کە تیپەکەی ئینزاگی خوازیارە بەرگری لە نازناوەکە بکات و دووجار لەسەریەک جامەکە بەرزبکاتەوە، کە ساڵی رابردووش لەسەر حسابی میلانی هاوشاری بەدەستیهێنابوو.