مانچینی: سعودیە بەربژێر نییە بۆ بردنەوەی جامی ئاسیا

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بردنەوەیان لە هەڵبژاردەی قیرغزستان پێشاندا، بەڵام دەڵێت سعودیە بەربژێر نییە بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
 
دوای بردنەوەی دووەم یارییان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا و سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتووی جامی ئاسیا، رۆبێرتۆ مانچینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "من دڵخۆشم، چونکە یارییەکی زۆرباشمان کرد، دڵخۆشم بەبردنەوەی یارییەکە چونکە هەلی باشمان دروستکرد و گۆڵمان تۆمارکرد، ئێمە رووبەڕووی هەندێک کێشە بووینەوە، سەرەڕای ئەوەی 11 یاریزانمان بەرامبەر 9 یاریزان یارییان دەکرد، چونکە پێمانوابوو ئیدی تەواو، بەڵام هەلی زۆرمان لەدەستدا، هەرچەند لە کۆتاییدا براوەبووین و پێموایە شایەنی بردنەوەکە بووین."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە سعودیە بەربژێرە بۆ بردنەوەی نازناوەکە؟ مانچینی گوتی "پێموایە ریزبەندی جیهانی دەڵێت ژاپۆن، کۆریا، ئێران و ئوسترالیا، ئێمە زۆر لە دوای ئەوانەوەین، بەڵام ئەم پاڵەوانێتییە بە شێوازی یەک دۆڕان ئەنجامدەدرێت، لە یەک یارییدا دەکرێت هەموو شتێک رووبدات، ئێمە لە لە قۆناخی داهاتووین، بەڵام پێویستە جارێ بیر لە یاریی سێیەم بکەینەوە، چونکە دەمانەوێت ببەینەوە، دوای ئەوە بیر لە یاریی داهاتوو دەکەینەوە."
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی هەڵبژاردەی سعودیە زیاتر گوتی "ئێمە خاوەنی 23 یاریزانین، هەمووان ئامادەن بۆ یارییکردن و دەبێت هەمووان بزانن کە بوونی ئەوان لێرە گرنگە و من پێکهاتەکەم لە دوایین مەشقەکاندا دیاری دەکەم."
 
هەڵبژاردەی سعودیە، پێشتر 7 جار گەیشتووەتەوە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا، 6 جار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و 3 جار نازناوەکەی بردووەتەوە، بەڵام لە دوایین پاڵەوانێتییدا کە لە 2019 لە ئیمارات بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەکە لە قۆناخی شازدە کرایە دەرەوە و سعودییەکان نایانەوێت ئەوە دووبارەببێتەوە.