جامی ئاسیا دەگاتە قۆناخی هەستیار

22-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەکرەم عەفیف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا دەستپێدەکەن، یارییەکان دەگەنە قۆناخی هەستیار و ئیدی کاتی یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکانە.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕەکەدا، کاژێر 18:00 هەڵبژاردەی قەتەر میوانداری پاڵەوانێتییەکە بە دوو بردنەوەی لەسەریەک وەک یەکەم هەڵبژاردە خۆی گەیاندووەتە قۆناخی شازدە و ئەمڕۆ لە دوایین یارییدا لەم قۆناخەدا، بەرامبەر هەڵبژاردەی چین یاریی دەکات.
 
قەتەر لە دوو یاریی رابردوودا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە و ئەمڕۆ بە ئارامییەکی زۆرەوە یارییەکەی ئەنجامدەدات، بۆیەش چاوەڕواندەکرێت راهێنەری هەڵبژاردەکە پشوو بە بەشێکی یاریزانە سەرەکییەکانی بدات و هەلی یارییکردن بداتە ئەو یاریزانانەی هێشتا لە پاڵەوانێتییەکەدا دەرنەوکەوتوون.
 
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی چین، لە دوو یاریی رابردوودا بە دوو یەکسانبوون دوو خاڵی کۆکردووەتەوە، بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە پێویستیی بەبردنەوەی یارییەکە دەبێت، بۆیەش ئەم یارییە بۆ پێکهاتەی ئەلیکساندەر ئیڤانکۆڤیچی راهێنەری هەڵبژاردەکە یەکلاکەرەوەیەوە.
 
چین ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە تەواوکردووە، دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت کە قەتەر گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو یەکلابووەتەوە و ئەگەری هەیە بە پێکهاتەی سەرەکی یاریی نەکات، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە کە هەڵبژاردەکە چاوی لە بردنەوە نەبێت.
 
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە لە هەمان کاتدا و لە کاژێر 18:00 دەکرێت، لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی لوبنان و تاجیکستان دەبێت، لەگەڵ ئەوەی ئەم دوو هەڵبژاردەیە تەنیا یەک خاڵیان هەیە، بەڵام هێشتا هیوایان بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە ماوە و ئەوەی یارییەکە بباتەوە بە ئەگەری زۆرەوە دەگاتە قۆناخی 16.
 
ئەمە یەکەم یاریی فەرمی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی لوبنان و تاجیکستانە و دەبێتە یارییەکی گرنگ و یەکلاکەرەوە و دەبێت یەکێکیان بگاتە قۆناخی شازدە و دۆڕاوەکەش کاروانەکەی کۆتاییدێت ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە دەکات.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە