هاوشێوەی مارادۆنا لە رووهای باکووری کوردستانە

رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستان کە زۆر لە یاریزانی تۆپی پێی ئەرجەنتینی مارادۆنا دەچێت، بووەتە جێی سەرنج و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یەکەمین ڤیدیۆی، چەندین داواکاری و دەستەوارەی بۆ هاتووە.
 
دوای ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا ڤیدیۆکەی بووە جێی سەرنجی خەڵک، مەندەرێس ئاکن لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستانەوە قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی کە ساڵی 1975 لە شارۆچکەی کانیاخەزالانی سەر بە رووها لەدایکبووە و بە بنەچە خەڵکی مێردینە. 
 
سەبارەت بە لەیەکچوونیان بە مارادۆنا، مەندەرێس ئاکن گوتی: "لە منداڵییەوە هاوڕێیانم زۆر پێیان دەگوتم تۆ زۆر لە مارادۆنا دەچیت. من گوێم بەوە نەدەدا و گرنگیشم پێ نەدەدا. بەڵام ئەوەبوو تیکتۆک، ئینستاگرام و فەیسبوک دەرکەوتن. من ڤیدیۆیەکی خۆمم بڵاوکردەوە. سەیرم کرد ڤیدیۆکەم ژمارەی پێوانەیی شکاند".
 

ئاکن دەڵێت لە دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی لە هەموو لایەکەوە دەستەوارەی جۆراوجۆر و پێشنیازی پرۆگرامی جیاوازی بۆ دێت. هەروەک خۆی دەڵێت، سەرەتا نەچووەتە نێو یاریگاکان و گرنگیی بە تۆپی پێ نەداوە، بەڵام لەسەر داواکاریی زۆری خەڵک، درێسی مارادۆنای پۆشی و چووەتە نێو یاریگا. 
 
لە ئێستاوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کانیاخەزالان دەڕۆنە بەر دەرگای ماڵەکەی مەندەرێس ئاکن و داوا دەکەن وێنەی لەگەڵدا بگرن. ئاکن دەڵێت: "ئەگەر مارادۆنا ئەوکاتەی لە ژیاندا بوو منی بینیبا، بانگی دەکردم و ڤیدیۆی لەگەڵ تۆمار دەکردم. چونکە هاوڕیکانیشم دەڵێن؛ خەڵکانێک هەن لە مارادۆنا دەچن، بەڵام هیچیان هێندەی مەندەرێس ئاکن لەڕووی رووخسار و جەستەوە لەو یاریزانە ئەرجەنتینییە نزیک نەبووە".
 

مەندەرێس ئاکن هەروەها دەڵێت، لە ئێستاوە ژمارەیەک خواردنگەی گەورەی ئەنتاڵیا داوایان لێکردووە بڕواتە لایان و بە مووچەیەکی باش کاریان لەگەڵدا بکات. کارکردنەکەش تەنیا ئەوە دەبێت کە ئێواران چەند کاژێرێک وێنە لەگەڵ میوانانی ئەو خواردنگە و کافێیانە دەگرێت. 
 
دیێگۆ مارادۆنا کێیە؟
 
دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا رۆژی 30-10-1960 لە شاری لانوسی ئەرجەنتین لە دایکبووە. لە 1969 تاوەکو 1994 یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهان بووە و بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئەرجەنتین (1977-1994) یاریی کردووە. لەو ماوەیەدا 91 یاریی کردووە و 34 گۆڵیشی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکردووە. مارادۆنا یاریی بۆ یانەکانی ئەرجەنتینیۆس، بۆکا جونیۆرز، بارسێلۆنا، ناپۆلی، سێڤییا و نیوڵز ئۆڵد بۆیز کردووە.
 
شەوی 25-11-2020 هەواڵی کۆچی دوایی دیێگۆ مارادۆنا بڵاوبووەوە؛ کۆچی مارادۆنا کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا و ئەرجەنتین، بۆ رێزگرتن لە کاروانی پڕ شانازی ئەو ئەستێرەیەی سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی راگەیاند.
   
ئەو نازناوانەی مارادۆنا بەدەستیهێناون: 
 
- خولی ئەرجەنتین لەگەڵ بۆکا جونیۆرز لە 1981
- جامی شای ئیسپانیا لەگەڵ بارسێلۆنا لە 1982-1983
- خولی ئیسپانیا لەگەڵ بارسێلۆنا لە 1983
- جامی سوپەری ئیسپانیا لەگەڵ بارسێلۆنا لە 1983
- خولی ئیتاڵیا لەگەڵ ناپۆلی لە 1986-1987، 1989-1990
- جامی ئیتاڵیا لەگەڵ ناپۆلی لە 1986-1987
- جامی سوپەری ئیتاڵیا لەگەڵ ناپۆلی لە 1990
- جامی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ ناپۆلی لە 1988-1989
- جامی جیهانی لاوان لەگەڵ ئەرجەنتین لە 1979
- جامی جیهانی 1986 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین