ڤیدیۆ؛ میسر بەبێ سەڵاح لە خراپترین دۆخدا یاریی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەی میسرە، بۆ دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان و هەنگاونان بەرەو قۆناخی داهاتووی جامی ئەفریقا، بەڵام محەممەد سەڵاح لە دەرەوەی لاکێشەی سەوزە و بەهۆی پێکانەوە ناتوانێت یاری بکات، ئەو تەنیا بۆ پاڵپشتیی هاوڕێکانی لە یاریگەیە.

میسر ئەمشەو بەرامبەر هەڵبژاردەی کەیپ ڤێردی یاریی دەکات، رکابەری فیرعەونەکان لە دوو یارییدا دوو بردنەوەی هەیە و پێشەنگی کۆمەڵەکەیە، بەڵام میسر لەو دوو یارییەدا تەنیا 2 خاڵی و مەترسیی سەرنەکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی لەسەرە، بەشدارینەکردنی محەممەد سەڵاحیش ئەرکی هەڵبژاردەکە قورستر دەکات.
 
سەڵاح لە یاریی بەرامبەر غانا تووشی پێکانبوو، ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانەکە لە یاریگەکان بەتەواوی دیارنییە و چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو ئەحمەد سەید زیزۆ یاریزانی یانەی زەمالیک لە شوێنی هێرشبەرەکەی لیڤەرپوول یاریی بکات.
 
هەر لەم کۆمەڵەیەدا غانا بەرامبەر موزەمبیق یاریی دەکات، هەڵبژاردەک ئەستێرە رەشەکان لەگەڵ ئەوەی خاوەنی جۆردان ئایۆ، ئینیاکی ویلیامز و محەممەد قودوسن، بەڵام لە دوو یاریی رابردوودا تەنیا یەک خاڵیان کۆکردووەتەوە و ئەوانیش هاوشێوەی میسر مەترسیان لەسەرە.
 
غانا بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، خۆ موزەمبیقیش هێشتا هیوای لەدەست نەداوە و بردنەوە لە یارییەکەدا ئەوان دەباتە قۆناخی داهاتوو و غانا دەخاتە دەرەوەی رکابەرییەکە، بۆیەش یارییەکە ئاڵۆز و زەحمەت دەبێت.
 
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا، هەڵبژاردەی غینیای کەمەرەیی پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە بە چوار خاڵ و بەرێژەیەکی زۆرەوە دەگاتە قۆناخی داهاتوو، ئەمشەو دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر کۆتدیڤواری میوانداری پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدات.
 
کۆتدیڤوار سێ خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە، بردنەوە ئەوان دەگەیێنێتە قۆناخی داهاتوو و بەیەکسانبوونیش هەلێکی باشیان دەبێت بۆ ئەوەی وەک سێیەمی کۆمەڵەکە سەربکەون، بەڵام کۆتدیڤوار چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵ و گەیشتنە بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە.
 
هەر لەم کۆمەڵەیەدا، نەیجیریای دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ بەرامبەر غینیای ئیستوائی یاریی دەکات، کە ئەمیان هیچ خاڵێکی نییە و هەردوو یاریی رابردووی دۆڕاندووە، هەلیشی بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو نەماوە، بۆیە ئەرکی نەیجیریا دەکرێت تارادەیەک لە رکابەرەکانی دیکەی لە کۆمەڵەکەدا ئاسانتر بێت.