هاوڕێ هەرە نزیکەکەی زیدان یانە نوێیەکەی زیزۆ ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

هاوڕێیەکی نزیکی زینەدین زیدان، شوێنی داهاتووی زیزۆ بۆ گەڕانەوە بۆ جیهانی راهێنەرایەتی ئاشکرادەکات، دوای کاڵبوونەوەی خەونی لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا.
 
سەرچاوە نزیکەکانی زیدان ئاشکرایان کرد، راهێنەری فەرەنسی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی داوە سەبارەت بە شوێنی داهاتووی، کە خۆی ئامادە دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ راهێنانەکان لە وەرزی داهاتوودا.
 
بەگوتەی لیۆنێل شاربۆنیەر، یاریزانی پێشووی فەرەنسی، کە هاوڕێیەکی هەرە نزیکی زیدانە، زیزۆ بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە شوێنی راهێنەرایەتی داهاتووی داوە و دەڵێت "زیزۆ ناچێتە ئینگلتەرا، بەڵکو روو لە ئیتاڵیا دەکات".
 
شاربۆنیەر لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە کە زیدان بڕیاریداوە بچێتە یانەی یوڤێنتوس، چونکە ئەو چێژ لە پەیوەندییەکی تایبەتی کە لەگەڵ ئەو یانەیە هەیەتی وەردەگرێت، هەروەها یادگاری نایابی لەگەڵیدا هەیە کە هانیدەدەن بۆ دەستپێکردنی ئەزموونێکی نوێی مەشق و راهێنان لە تۆرینۆ. 
 
ئەو هاوڕێیەی زیدان، کە تەمەنی 56 ساڵە، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە لە پێشتر چەندین دەستەوارە پێشکێشی زیدان کراون، بەڵام راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی تەمەن 50 ساڵ، هەمووانی رەتکردووەتەوە و دوابڕیاری خۆیداوە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لەگەڵ یوڤێنتوس کاربکات.
 
زیدان لە دوای رۆیشتنی لە یانەی ریال مەدرید لە مانگی ئایاری 2021 پەیوەندی بە هیچ تیپێکەوە نەبووە، لەو شوێنەی کە بۆ ماوەی دوو قۆناخ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ مایەوە، یەکەمیان مێژوویی بوو، دوای ئەوەی 3 نازناوی چامپیۆنزلیگی بەسەریەکەوە بەدەستهێنا.