ئەرکی بارسا ئاسان و ریال قورسە

22-01-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاش دوایین شکست لە لالیگا لە هەفتەی رابردوودا بەرامبەر ڤیاریال و سەرکەوتنی بارسێلۆنا بەسەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، ریال مەدرید و بارسێلۆنا جارێکی دیکە ململانێکان لەپێناو نازناوی خولەکەدا دەستپێدەکەنەوە و ئێستا بارسێلۆنا سێ خاڵ لە پێش ریال مەدریدەوەیە.
 
لە کاتێکدا بارسێلۆنا لە یارییەکی ئاسان و لەسەر یاریگەی خۆی بەرامبەر خیتافێ یاریدەکات، ریال مەدرید تاقیکردنەوەیەکی قورسی هەیە بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو.
 
بارسا لە دۆخێکی دەروونیی زۆر باشدایە و بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا وەک یەکەم نازناوی چاڤی راهێنەر لەگەڵ یانەکەدا، بلووگرانای خستووەتە نێو خەیاڵی توانا هەبوون بۆ بردنەوەی نازناوەکان و تیپەکە هەلی ئەوەی لەبەردەستدایە ئەمشەو هەنگاوێکی دیکە ئومێد بەخۆی بدات بەوەی لە کۆتایی وەرزدا نازناوی لالیگا دەباتەوە.
 
وەکچۆن بارسێلۆنا لە باشترین هەفتەکانی خۆیدا دەژی، رێک بەپێچەوانەوە، خیتافێ لە خراپترین هەفتەکانی خۆیدا دەژی و ئەو یانەیە لە یادەوەرییدا خەریکە بردنەوەکان دەسڕدرێنەوە چونکە لە دوایین دە یاریدا، تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە و یانەکە تەنیا بە جیاوازیی گۆڵ، لە ناوچەی سووری دابەزین هاتووەتە دەرەوە.
 
بارسێلۆنا بەتەواوی پێکهاتەکەیەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە و هاندەرانی ئەو یانەیە کە ئیدی خەریکە متمانە بەرامبەر تیپەکەیان بەدەستدەهێننەوە، چاویان لەوەیە ئەمشەو جامی سوپەر لە یاریگەی خۆیاندا ببینەوە کاتێک کاپتنی تیپەکە پێشکێشیان دەکات.
 
بەپێچەوانەی بارساوە، ریال بەدەروونێکی ماندوو و شەکەتەوە روو لە سان مامێس دەکات و ئەو یانەیە کە نازناوی جامی سوپەری لە بەرژەوەندی رکابەرە سەرەکییەکەی لەدەستدا و بەرلەوەش لە لالیگادا بە ڤیاریال دۆڕا، پێناچێ بەتەواوی بۆ ئەو یارییە قورسە ئامادەبێت.
 
بیلباو لەگەڵ ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەریدا، سەرەتایەکی باشی هەبوو لە سەرەتای وەرزدا، بەڵام لە دوای گەڕانەوەی تیپەکەوە بۆ رکابەرییەکان لە دوای مۆندیال، لە سێ یاریدا تەنیا دوو خاڵی بەدەستهێناوە و هیچ بردنەوەیەکی نییە. تیپەکە ئاستی دابەزیووە و رێگەی بردنەوەی بزرکردووە، یارییەکەی ئەمشەو هەلێکی زێڕین دەبێت بۆئەوەی خۆی راستبکاتەوە.
 
بیلباو لە بەرامبەر گەورەکانی لالیگادا، نە ئاستی خراپ و نە هێزی رکابەرەکانی ناخوێنێتەوە و پشتبەستن بە هاندەرانی نێو یاریگەکەی، باشترین چەکی دەستی دەبێت بۆ ئەوەی شکست بە سەردانکەرەکانی بهێنێت.
 
ریال مەدرید زۆر پێویستی بەبردنەوەی ئەم یارییە هەیە، بۆئەوەی جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ بارسا زیاتر نەبێت و دوای بێئومێدییەکانی جامی سوپەر و ئاست و ئەنجامە خراپەکانی هەفتەکانی رابردوو، لە ئاست نازناوی لالیگاشدا بەتەواوی بێئومێد نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە