یوڤێنتوس و ئاتالانتا یاریی لووتکەی سێریا ئەی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

یارییەکان لە هەر کوێ بن و رکابەرییەکان بەهێزبن یان لاواز، ئەمشەو لە ئیتاڵیا و جیهانیشدا هەموو چاوەکان دەچنە سەر یوڤێنتوس ئارێنا بۆ پێوانەکردنی کاردانەوە و پەرچەکرداری یاریزانانی یوڤێنتوس، پاشئەوەی یانەکەیان زنجیرەیەک سزای قورسی بەسەردا سەپێنرا.
 
یوڤێنتوس کە ئێستا پاش بڕیاری شکاندنی پانزە خاڵ لێی، خۆی لە دەیەمی ریزبەندی خولەکەدا دەبینێتەوە، میوانداری یانەی ئاتلانتا دەکات کە لە ساڵانی رابردوودا هەمیشە رکابەرێکی بەسەرئێشە بووە بۆ خانمە پیرەکە و وەرزی رابردووش لە کۆی شەش خاڵ، تەنیا یەک خاڵی بەرامبەر یوڤێنتوس لە دوو یاریدا لەدەستداوە.
 
گەرچی لە هەفتەکانی رابردوودا، ئاتلانتا بەزنجیرەیەک ئەنجامی بەرز و نزمدا گوزەری کردووە، بەڵام ئەو تیپە لە سێ یاریدا پاش دەستپێکردنەوەی رکابەریی خولەکان لە دوای تەواوبوونی مۆندیالی قەتەر، دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی بەدەستهێناوە و دەکرێ لە یارییەکەی ئەمشەودا، ئەوە بسەلمێنێت، ئەنجامی یارییەکانی پاش مۆندیال، بازێکی لەناکاو و رێکەوت نین، بەڵکو بەرهەمی کارکردنە لەسەر بەهێزکردنی ئەو خاڵە لاوازانەی لە پێکهاتەی تیپەکەدا دەرکەوتبوون بەر لە مۆندیال.
 
یارییەکە بۆ یوڤێنتوس چەندە تاقیکردنەوەی ئەنجام و بەدەستهێنانی خاڵەکانی یارییەکەیە، دوو ئەوەندە تاقیکردنەوەی ورەی یاریزانانی ئەو تیپە و هەڵوەستەکردنە لەسەر پێشاندانی یەکگرتوویی لەبەرامبەر ئەو هەموو کێشانەدا کە بەردەرگایان بە تیپەکە گرتووە و هەڕەشە لە داهاتوو و تەنانەت بوونیشی دەکەن وەک دامەزراوەیەکی وەرزشی.
 
ماسیملیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، لەبارەی یارییەکەوە، دەڵێت "یارییەکە، تایبەتە، بەتایبەت دوای ئەوەی روویدا. وادیارە ئێمە ناچارین هەموومان رێگەیەک بۆ یەکگرتوویی و بەردەوامبوون لە کارکردن بدۆزینەوە لەگەڵ پلەیەکدا کە تێی کەوتووین، چونکە ئەمە هۆکاری بوونی ئێمەیە".
 
ئالێگری راهێنەر، چەندە پێویستە لەسەری خۆی و یاریزانەکانی لە کەوتنە ژێر کاریگەریی رووداوەکانی تایبەت بە یانەکە بەدوور بگرێت، ئەوەندەش زیاتر پێویستی بە راستکردنەوەی دەروونی ئەو یاریزانانەی هەیە کە لە هەفتەی رابردوودا دوو گورزی کوشندەیان بەرکەوت، جارێک بەهۆی دۆسێی "زەبەلاحکردنی سەرمایە" و جارێکیش بەهۆی شکستە گەورەکەیان بەرامبەر ناپۆلی لە هەفتەی رابردوودا کە یانەکەی لە زنجیرەیەک سەرکەوتنی یەک لە دوای یەک پچڕاند. ئێستا ئیدی ئەو دەنگۆیانەش هێواش هێواش سەردەردەهێنن کە یانەکە لە سایەی ئەوەدا کە روویدا، دەکرێ گۆڕانکاری ریشەیی لە تیپەکەدا بکات و سەرەتاش لە ئالێگری راهێنەرەوە دەستپێبکات.
 
راهێنەری خانمە پیرەکە. دووپاتیدەکاتەوە کە لەگەڵ یوڤێ بەردەوام دەبێت و گوتی "من راهێنەری یوڤێنتوسم و لە کارەکەم وەک راهێنەر بەردەوام دەبم تاوەکو ئەوکاتەی دوورمدەخەنەوە، پێموایە هەندێک سات هەیە تێیدا پێویستە لە کاتی ئاسایی زیاتر هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و کارەکەت بزانی. چونکە کاتێک کارەکان سەخت دەبن، دەبێ تۆ باشتر ببیت، پیاوێک بیت ئەوەندە هەست بەبەرپرسیارێتی بکەیت کارێکی باشتر ئەنجام بدەیت".
 
لە نێو ئەو هەستە باوەدا کە تێیدا هەموو یوڤێنتوس بە یاریزان و کارگێڕیی و هاندەرانەوە هەست بە ناهەقی دەکەن کە بەرامبەریان ئەنجامدراوە، پێشبینیکراوە هاندەرە ئامادەبووەکانی ئەمشەوی یوڤێنتوس ئارێناش، پەرچەکردارێک پێشانبدەن و لانیکەم، لە پشتگیریکردنی یاریزانەکانیاندا، جۆشوخرۆشێکی زۆر دەربخەن.