یەکێتیی تۆپی پێی چیک ریکۆردە مێژووییەکەی رۆناڵدۆ رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتال

یەکێتیی تۆپی پێی چیک، بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا دووپاتیکردەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی تاوەکو ئێستا ریکۆردی جۆزێف بیکانی نەشکاندووە و دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێی چیک و نەمسا هێشتا خۆی خاوەنی زۆرترین گۆڵی فەرمییە لە مێژووی تۆپی پێدا.

رۆناڵدۆ رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە یاری جامی سوپەری ئیتالیادا، گۆڵێکی لە ناپۆلی تۆمارکرد و ژمارەی گۆڵە فەرمییەکانی گەیاندە 760 گۆڵ و ریکۆردی بیکانی شکاند کە بریتییە لە 759 گۆڵی فەرمی.

یەکێتیی تۆپی پێی چیک، بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دووپاتدەکاتەوە کە رۆناڵدۆ ئەو ریکۆردەی نەشکاندووه کە جۆزێف بیکان خاوەنیەتی، بەڵکو دۆن دەبێت 62 گۆڵی دیکە تۆماربکات بۆ شکاندنی ئەو ریکۆردە.

لە بەیاننامەکەی یەکێتیی تۆپی پێی چیکدا، هاتووە "بیکان لە ماوەی یاریکردنیدا 821 گۆڵی لە یارییە فەرمییەکاندا تۆمارکردووە نەک 759 گۆڵ".

ئەو یەکێتییە هەروەها دووپاتیدەکاتەوە کە 821 گۆڵ وردترین و دروستترین ئاماری گۆڵەکانی بیکانە و دەڵێت "بیکان بە کردەنی 821 گۆڵی لە یارییە فەرمییەکانی خولی پلەیەک و دووەم و جامە نێودەوڵەتییەکان و پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپادا تۆمارکردووە".

چیکییەکان هەروەها جەخت لەوەش دەکەنەوە کە بێجگە لە هەڵبژاردەی نیشتیمانی هیچ گۆڵێکی یارییە دۆستانەکانی ئەو یانانەیان بۆ بیکان هەژمارنەکردووە کە یاری بۆ کردوون.

مانگی رابردوو یانەی سانتۆسی بەرازیلیش، لە رووداوێکی هاوشێوەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ریکۆردی پێلێی ئەفسانەی سانتۆس و هەڵبژاردەی بەرازیلی نەشکاندووە سەبارەت بە تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ بۆ یەک یانە.

مێسی دوای ئەوەی ژمارەی گۆڵەکانی بۆ بارسێلۆنا گەیاندە 644 گۆڵ، وا بڵاوکرایەوە کە ریکۆردی پێلێی شکاندووە، بەوپێیەی 643 گۆڵی بۆ سانتۆس تۆمارکردووە، لە کاتێکدا یانە بەرازیلییەکە دەڵێت "پێلێ 1091 گۆڵی بۆی تۆمارکردووە نەک 643 گۆڵ".