جارێکی دیکە مۆرینیۆ هێرشدەکاتە سەر خولی تورکیا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی تورکیا جۆزێ مۆرینیۆ یانەی فەنەرباهچە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی فەنەرباخچەی تورکی، جارێکی دیکە هێرشیکردە سەر یاریزانانی تیپەکەی و خولی تورکیا، بەهۆی ئاستیانەوە لە یارییەکاندا.
 
فەنەرباخچە لەگەڵ ئەیوب سپۆر یەکسانبوو بە گۆڵێک. یانەکەی جۆزێ مۆرینیۆ 36 خاڵی بەدەستهێناوە تاوەکو ئێستا، لە کاتێکدا گاڵاتەسەرای پێشەنگ خاوەنی 41 خاڵە و یارییەکی کەمتر ئەنجامداوە.
 
جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، لە دوای یەکسانبوونی تیپەکەی، دەڵێ، "یارییەکە کارەسات بوو، چەند خولەک یارییکرا؟ چەندجار یارییەکە وەستا؟ یاریزانان چەند خولەکیان لە کات بەفیڕۆداندا بەسەربرد؟".
 
مۆرینیۆ هەروەها دەڵێ، کوالیتیی یارییەکە زۆر نزمبوو، روونیکردووەتەوە، "هەڵەی تاکتیکیی زۆر ئەنجامدران، بەلای منەوە یارییەکە زۆر لاواز بوو، من بەرپرسم لە تیپەکەی خۆم و دانیپێدادەنێم کە ئێمە هەڵەی زۆرمان کرد چ وەک تاک یان تیپ".
 
را‌هێنەری پێشووی چێڵسی، مانچێستەر یونایتد و ریال مەدید زیاتر دەڵێ، فەنەرباخچە زۆر ناڵاندی، "قورسبوو تۆپ لای خۆمان بهێڵینەوە و پاسات بکەین.. هەڵەی زۆرمانکرد لە دروستکردنی یارییدا. لە گێمی دووەمدا لە راوەستان و بەکارهێنانی باڵەکاندا باشتر بووین".
 
هەروەها دەڵێ، "زۆر تۆپ لەدەستدانمان هەلی دایە رکابەرەکەمان بۆ ئەوەی هێرشی هەڵگەڕاوەمان بکەنەسەر.. یارییەکە بەشێوەیەکی گشتی زۆر لاواز بوو".
 
خولی تورکیا تاوەکو رۆژی 5ی مانگی داهاتوو بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە دەوەستێت. مۆرینیۆ هیواخوازە تیپەکەی لەو ماوەیەدا چاک ببێتەوە.
 
ئەو دەڵێ، "چەند رۆژێک پشوومان دەبێت، بەڵام ئەمە پشوویەکی دڵخۆشکەر نییە بۆ من، بۆ یاریزانانیش پەیوەندی بەبیرکردنەوەی خۆیانەوە هەیە، بەڵام من لە بنەمادا حەزم نەدەکرد پشوو وەربگرین".
 
ئەوە یەکەمجار نییە مۆرینیۆ رەخنەی تووند ئاراستەی شێوازی خولی تورکیا و رکابەرییەکانی نێو خولەکە دەگرێت، پێشتر ئەو راهێنەرە رایگەیاندبوو کە نەیزانیوە خولی تورکیا هێندە لاوازە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە