یاریزانێکی ئاتلێتیک بیلباو پاش 9 ساڵ خۆشاردنەوە دەستگیرکرا

21-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئیسپانیا ئاتلێتیک بیلباو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئیسپانیا، دەستگیرکردنی یاریزانێکی یانەی ئاتلێتیک بیلباوی راگەیاند کە ماوەی نۆ ساڵ بوو، خۆی لە پۆلیس شاردبووەوە. ئەو یاریزانە تۆمەتبارە بەبازرگانیکردن بەهۆشبەر.
 
پۆلیس ئاشکرایکردووە، تکسۆتکسی، یاریزانی پێشووی بیلباو، کە پێشتر بەتۆمەتی بازرگانیی هۆشبەر تۆمەتبارکراوە و پاشئەوەی لە بەندیخانە رایکردووە و ماوەیەکی زۆرە خۆی لە پۆلیس شاردووەتەوە، جارێکی دیکە دەستگیرکراوەتەوە.
 
پۆلیس دەڵێ ئەو یاریزانەی پێشووی یانە باسکییەکە، ساڵی 2015 لە بەندیخانە رایکردووە، پاش تۆمەتبارکردنی بەبازرگانیی کۆکاین، ماوەیەکی زۆرە پۆلیس بەشوێنیدا دەگەڕێت، تاوەکو دواجار دەستگیریکردەوە.
 
تکسۆتکسی، ناوی راستەقینەی خیسۆس ئیمیلۆ دیێز دی میرە، لە وەرزی 1995 - 1996 یاریی بۆ ئاتلێتیک بیلباو کردووە، تۆمەتبارە بەوەی 950 گرام کۆکایینی بردووەتە نێو ئیسپانیاوە.
 
پۆلیس گوتوویەتی، ئەو تۆمەتبارە هەڵهاتووە لە ناوچەی ئێل پوێرتۆ دی سانتا ماریا، دەستگیرکراوە لە رۆژی 15ی ئەم مانگەدا دەستگیرکراوە، لە پشکنینێکی رۆتینیی پۆلیس لەسەر رێگەیەکی گشتی.
 
وەک پۆلیس دەڵێ، ئەندامانی تیمەکەی، کاتێک داوای زانیارییان لەو تۆمەتبارەکردووە، ئەو درۆی لەگەڵدا کردوون، هەر ئەوەش وایکردووە گومانی لێبکەن و بیبەنە بنکەی پۆلیس و دواتر بۆیان ئاشکرا ببێت کە ئەو تۆمەتبارێکی هەڵهاتووە لە بەندیخانە.
 
ساڵی 2014 تکسۆتکسی سزادراوە بەبەندکردن بۆ ماوەی نۆ ساڵ. دادگای باڵای ئیسپانیا گوتویەتی ئەو تاوانبارە، ئەندامی باندێکی تاوانکار بووە کە ژمارەیەک یاریزانی دیکەی تۆپی پێی تێدا کۆبوونەتەوە.
 
دادگا هەروەها گوتویەتی، کردەکەی پۆلیس کە تۆمەتبارەکەی تێدا دەستگیرکراوە، ناونراوە 'سیکلۆن' تایبەت بووە بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەندامی باندێکی تاوانکاری کە لە نێوان ساڵانی 2008 و 2009 دوو کۆنتێنەری پڕ هۆشبەریان گەیاندووەتە شاری ڤالێنسیای ئیسپانیا لە ئەرجەنتینەوە کە بڕەکەی 950 کیلۆگرام بووە.
 
دادگا وایداناوە بەهای ئەو هۆشبەرە 32 ملیۆن دۆلار بووە لە بازاڕدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە