رووداو دیجیتاڵ
یانەی بایرن میونشن سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ خاوەنی پلەی دووەم بەشێوەیەکی کاتی بۆ 7 خاڵ بەرزکردەوە.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی پازدەی خولی ئەڵمانیا، بایرن میونشن لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر لایپزیگ یارییکرد، هەر لە خولەکی یەکەمدا جەمال موسیالا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد.
وەڵامی لایپزیگ خێرابوو، لە خولەکی دووەمدا بێنیامین شیشکۆ ئەنجامەکەی بۆ یانەی میوان یەکسانکردەوە، بەڵام دوای ئەوە باڤارییەکان کەرنەڤاڵێکی گۆڵکردنیان ئەنجامدا.
لە خولەکی 25 کۆنراد لایمەر گۆڵی دووەمی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد، دوای 11 خولەک جۆشوا کێمیچ یانەکەی بەلێدانێکی بەهێز کردە خاوەنی سێ گۆڵ و بایرن نیوەی یەکەمی لە بەرژەوەندی خۆی تەواوکرد.
لێرۆی سانێ بووە یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی ناوی خۆی لە لیستی گۆڵکارانی یارییەکەدا کردەوە، کاتێک لە خولەکی 75 گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد.
دوای سێ خولەک، ئەلفۆنسۆ دەیڤز بۆ جاری پێنجەم تۆڕی لایپزیگی هەژاند، بایرن میونشن یارییەکەی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و خاڵەکانی لە پلەی یەکەم گەیاندە 36 خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ