ڤیدیۆ؛ پەیامێکی گرنگ لە پێرێزەوە بۆ جیهان

21-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
فلۆرێنتینۆ پێرێز
فلۆرێنتینۆ پێرێز
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێریز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و خاوەنی پڕۆژی سوپەرلیگ، دڵخۆشیی بۆ بەرامبەر بڕیاری دادگای دادی ئەوروپا لەبارەی سوپەرلیگەوە پێشاندا و دەڵێت دەتوانم بیر لە دوو دەرئەنجام بکەمەوە.
 
پێرێز لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا گوتی " ریال مەدرید بەرازیبوونێکی زۆرەوە ئەو بڕیارەی وەرگرت کە لەلایەن دادگای دادی ئەوروپاوە دەرچوو، ئە دەستەیەی راسپێردراوە بۆ راگرتنی بنەما و بەها و ئازادییەکان، لە رۆژانی داهاتوودا بە وردی لە بازنەی ئەم بڕیارە دەکۆڵینەوە، بەڵام دەتوانم بیر لە دوو ئەرنجام بکەمەوە کە گرنگییەکی مێژووییان هەیە."
 
یەکەم؛ تۆپی پێی ئەوروپا چیدیکە تەنیا لە یانە ئەوروپییەکان سنوردار نابێت.
 
دووەم؛ لە ئەمڕۆوە چارەنووسی یانەکان لە دەست خۆیان دەبێت، مافی یانەکان بۆ پێشخستن و بەرەوپێشبردنی وەرزشەکەمان بۆ ئەوەی هاندەران لە هەموو جیهان رابکێشێت بەتەواوی دانپێدانراوە، لە کۆتاییدا ئەمڕۆ سەرکەوتنێکی دیکە بوو بۆ ئەوروپایەکی ئازاد، بۆ تۆپی پێ و هاندەرانی.
 
سەرۆکی ریال مەدرید زیاتر دەڵێت "لە بەرامبەر ئەو گوشارانەی زیاتر لە دوو ساڵە بەرکەوتووین، ئەمڕۆ یاسا و دادپەروەری و ئازادی سەریانهەڵدا، لە ئەنجامدا ریال مەدرید بەردەوامدەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تۆپی پێ."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێرێز گوتی 'هەروەک چۆن نزیکە 70 ساڵ لەمەوبەر هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەمان لە مێژووی تۆپی پێدا ناوە لەگەڵ دروستکردنی جامی ئەوروپا، ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئەرk و بەرپرسیارەتیمان لەسەر شانە کە تۆپی پێی ئەوروپا ئەو پەرەپێدانە بەخۆیەوە ببینێت کە پێویستییەتی، بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەین بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی پڕۆژەیەکی نوێ کە بەتەواوی لەگەڵ رکابەرییە ناوخۆییەکان بگونجێت."
 
لە کۆتایی پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا فلۆرێنتینۆ پێرێز، پاڵپشتیی خۆی لبۆ پڕۆژەکەی دووپاتکردەوە و بە هەموو ئەوروپا و جیهانی گوت "پڕۆژەیەکە بەردەوامیی دارایی بۆ هەموو یانەکان بەدەستدەهێنێت، ئامانجمان پاراستنی یاریزانان و وروژاندنی هاندەرانی جیهانە، سەرەڕای ئەو هەڵمەتانەی کە تووشی بووین، کە پێدەچێت لە ئەمڕۆوە چڕتریش ببنەوە، ئێمە لەبەردەم دەرفەتێکی خەیاڵیدان بۆ باشترکردنی تۆپی پێ لەسەر ئاستی یانەکانی ئەوروپا، یارییەک کە مەرجەکانی سەدەی 21ـی تێدایە، حوکمڕانییەکی شەفافی هەیە و دەتوانێت هاوشانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان بەیەکەوە بژین، یارییەکە دەتوانێت جارێکی دیکە ئەو سۆز و خولیایە بۆ هاندەران بگەڕێنێتەوە کە پێویستیانە."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-12-2023 دادگای دادی ئەوروپا بڕیاری کۆتایی لەبارەی پڕۆژەی سوپەرلیگەوە دا و دەڵێت "فیفا و یۆفا بە رێگریکردن لە دروستبوونی پاڵەوانێتییەکی وەك سوپەرلیگ پێشێلی یاساکانی ئەوروپای کردووە، ئەوان لە دژی یاساکانی پاڵەوانێتی لە ئەوروپا و ئازادی لە پێشکێشکردنی خزمەت بە تۆپی پێ بڕیاریان داوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە