بەجیابوونەوە لە هاوژینەکەی دەرفەتی چوونە ریال مەدریدی بۆ رەخسا

رووداو دیجیتاڵ

دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی، ماورۆ ئیکاردی، هێرشبەری ئەرجەنتینی جارێکی دیکە دەبێتەوە ئامانجی یانەی ریال مەدرید، کە بەپێی هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی یانەی شاهانە نزیکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرەی یانەی گالاتەسەرای تورکی.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یانەی ریال مەدرید لەگەڵ ماورۆ ئیکاردی دانوستاندن دەکات بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بخاتە نێو پێکهاتەی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر، بۆ ئەوەی قەرەبووی دوورکەوتنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی بکاتەوە، کە بەهۆی پێکانەوە ماوەیەک ناگەڕێتەوە.
 
یانەی ریال مەدرید وردەکارییەکانی پێکانەکەی ڤینیسیۆس جونیۆری ئاشکراکرد، کە لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر کۆڵۆمبیا تووشی بوو، و ڤینیسیۆس جونیۆر چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە بارەگای خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ریال مەدرید پشکنینی پزیشکی بۆی کرا، دوای ئەوەی کەمپی هەڵبژاردەی بەرازیلی بەجێهێشت.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاند، بەرپرسانی ریال مەدرید پێیانوایە پڕکردنەوەی شوێنی ڤینیسیۆس زۆر گرنگە بۆ تەواوکردنی وەرز بەشێوەیەکی باش و بۆ ئەو مەبەستەش ریال مەدرید بە بڕیاری کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی، گرێبەست لەگەڵ ماورۆ ئیکاردی، هێرشبەری ئەرجەنتینی لە گواستنەوەی زستانەدا دەکات.
 
مارکا دووپاتیکردەوە کە یانەی ریال مەدرید ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانەکەی گالاتاسەرای دەکات بۆ ئەوەی لە مانگی یەکی داهاتوودا یاریزانەکە بگرێتەوە، ئەوەش دوای نەمانی واندا نارا وەک بەڕێوەبەری کاری ئیکاردی، چونکە ریال مەدرید ئامادە نەبوو پێشتر مامەڵە لەگەڵ ئەو خانمە بکات.
 
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە واندا نارا چیدی بەڕێوەبەری هاوژینەکەی ماورۆ ئیکاردی نییە، دوای جیابوونەوەیان لە ئۆکتۆبەری 2022، چونکە یاریزانەکە بڕیاریدا بەڕێوەبەری کارێکی نوێ بدۆزێتەوە، ئەویش مارکۆ نێستی ئیتاڵییە.