راهێنەرێکی پۆرتوگالی باسی کێشەکانی نێوان رۆناڵدۆ و تێن هاگ دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لویس کاسترۆ، راهێنەری پۆرتوگالیی یانەی نەسڕ، باس لە کێشەکانی نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و ئێریك تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد دەکات، کە بووە هۆی ئەوەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە یانەکە بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە بکات. 
 
رۆناڵدۆ لە مانچێستەر یونایتد ناوبانگی دەرکرد و چەندین نازناوی لەگەڵ ئەو یانەیەدا بەدەستهێنا، دوای بەجێهێشتنی مانچێستەر یونایتد یاریزانەکە یاری بۆ هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدرید و یوڤێنتوس کرد و دواتر لە ساڵی 2021 جارێکی دیکە گەڕایەوە ماڵە کۆنەکەی و پەیوەندی بە مان یونایتدەوە دەکات. 
 
لویس کاسترۆ لە هەڤپەیڤینێکدا داوای لێکرا رای خۆی لەبارەی رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە مانچێستەر یونایتد و کێشەکانی یاریزانەکە لەگەڵ تێن هاگ بڵێت، ئەویش گوتی "رۆناڵدۆ کاریگەرییەکی زۆری بەسەر خەڵکییەوە هەیە و ئیلهامبەخشێکی گەورەیە، ئەو بەوە راهاتووە خەڵکی رەخنەی لێبگرن و بیانەوێت ئازاری بدەن". 
 
گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ مانچێستەر یونایتد، خۆشترین هەواڵ بوو بۆ هاندەرانی مانچێستەر یونایتد لەوکاتەدا و هەمووان چاوەڕێی ئەوە بوون هاتنەوەی ئەفسانەکەیان یەکەم هەنگاوی هەڵسانەوەی مان یونایتد بێت و یانەکە بگەڕێتەوە سەر رێچکەی بەدەستهێنانەوەی نازناوەکان، بەڵام تەنیا دوای ساڵێك مانەوە لە مانچێستەر، کێشە لە نێوان یاریزانەکە و تێن هاگی راهێنەری یانەکە دروستبوو و لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لە رووداوێکی مشتومڕ هەڵگردا رۆناڵدۆ یانەکەی بەجێهێشت و پەیوەندی بەنەسڕی سعودییەوە کرد و تاوەکو ئێستا لەو بارەیەوە رەخنەی زۆری لێدەگیرێت. 
 
کاسترۆ ستایشی ئەفسانە پۆرتوگالییەکە دەکات و دەڵێت "بەڕای من رۆناڵدۆ هێشتا باشترین یاریزانی جیهانە، کاتێك ئەو لە یانەکەتدایە، دەبێت تەواوی تیپەکەت لە چواردەوری ئەو کۆبکەیتەوە بۆ ئەوەی باشترین ئاستی خۆی پێشکێش بکات، نابێت ئۆتۆمبێلێکی بەهێز و گرانبەهات هەبێت و بە رێگەیەکی خراپ و پڕ لە چاڵدا پێیبڕۆیت".
 
دواتر راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پشتگیری خۆی بۆ بڕیارەکەی رۆناڵدۆ بۆ بەجێهێشتنی مانچێستەر یونایتد دەردەبڕێت و دەڵێت "من ناتوانم خۆم بخەمە شوێنی رۆناڵدۆ و نازانم ئەو چۆن بیردەکاتەوە، ئەو هێشتا گۆڵ و ئاسیست دەکات، بۆیە دەبوو رێگەیەکی دیکە هەڵبژێرێت". 
 
رۆناڵدۆ بە یەکێك لە ئەفسانە گەورەکانی مێژووی مانچێستەر یونایتد دادەنرێت و یاریزانەکە چەندین ساڵی مێژوویی لەگەڵ ئەو یانەیەدا بەسەربرد و لەگەڵ ئەو یانەیەدا توانی نازناوەکانی پرێمەرلیگ، چامپیۆنزلیگ و چەندی نازناوی گەورەی دیکە بەدەستبهێنێت.