سوپەرلیگ بردیەوە و "تۆپی پێ ئازادکرا"
رووداو دیجیتاڵ
دادگای ئەوروپا بڕیاری کۆتایی لەبارەی پڕۆژەی سوپەرلیگدا و تۆپی پێ گۆڕانکارییەکی مێژوویی بەخۆیەوە دەبینێت.
سوپەرلیگ لە دوو ساڵی رابردوودا لەلایەن چەند یانەیەکی ئەوروپییەوە وەک پڕۆژەیەک بۆ پێشخستنی تۆپی پێ و بەهێزکردنی رکابەریی یانەکانی ئەوروپا و زیادکردنی داهاتیان خرایە روو، بەڵام یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یۆفا) لە دژی وەستایەوە و هەڕەشەی بێبەشکردن لە چامپیۆنزلیگیان لەو یانانە کرد کە بەشداری خولەکە دەکەن و پشتگیری دەکەن.
رۆژی 21ـی مانگی 12 دادگای ئەوروپا دانیشتنی خۆی لەو بارەیەوە کرد و باسی لەوەکرد کە رێگریکردن لە سوپەرلیگ کارێکی نایاسایی بووە و دەڵێت "فیفا و یۆفا بە رێگریکردن لە دروستبوونی پاڵەوانێتییەکی وەك سوپەرلیگ پێشێلی یاساکانی ئەوروپای کردووە، ئەوان لە دژی یاساکانی پاڵەوانێتی لە ئەوروپا و ئازادی لە پێشکێشکردنی خزمەت بە تۆپی پێ بڕیاریان داوە".
دوای ئەو بڕیارە، بێرند ریچارت، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای A22 کە سپۆنسەریی سوپەرلیگ دەکات دەڵێت "ئێمە بردمانەوە، تۆپی پێ ئازادکرا، چیدیکە یۆفا ناتوانێت تۆپی پێ بۆخۆی قۆرخ بکات، ئێستا یانەکان دەتوانن خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن".
ریچارت زیاتر دەڵێت "ئێمە هەموو یارییەکان بەخۆڕایی دەگوازینەوە و گەرەنتی دابینکردنی داهات و پارەی یانەکان دەدەین".
دواتر پەڕەی فەرمی لالیگا راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەمڕۆ لە هەموو کاتێك زیاتر ئەوەمان بیر دێتەوە کە سوپەرلیگ مۆدێلێکی خۆپەرستانەیە، هەر پاڵەوانێتییەك کە یانەکان نەتوانن بە شێوازێکی راستەوخۆ لە رێگەی خولی نێوخۆوە بەشداری تێدا بکەن، پاڵەوانێتییەکی داخراوە".
سوپەرلیگ، پێشنیازێکە بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکی بەهێزتر لە چامپیۆنزلیگ لە نێوان یانە گەورەکانی ئەوروپا، کە بەردەوام یاریی بەهێز و رووبەڕووبوونەوەی یانە گەورەکانی تێدا دەبێت و بەوەش دەستەبەری بەرزبوونەوەی بینەرانی تۆپی پێی ئەوروپا دەکات و داهاتی یانەکانیش زیاد دەکات.
بەپێی ئەوەی ئەو یانانە ئاشکرایانکردووە، هەر یانەیەکی بەشدار لە خولەکە لە وەرزێکدا 14 تاوەکو 20 یاریی ئەنجامدەدات و سیستمی دەستنیشانکردنی یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە، دادوەرانە و لەسەر بنەمای هەلی بەشداریی بۆ هەمووان دەبێت.