زیدان: ناوبژیوان هەیە

21-12-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن زینەدین زیدان ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتال

زينەدين زيدان، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی خۆشحاڵی خۆی بە بردنەوە لە یانەی ئیبار نیشاندا و سەبارەت بەو حاڵەتەی کە تۆپ بەر دەستی سێرخیۆ رامۆس کەوت، گوتی "ناوبژیوان هەیە".

لە گەڕی 14ـی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی یانەی ئیبار بووەوە و 3 - 1 لێیبردەوە و چووە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولەکە.

زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا قسەی کرد و گوتی "ئیبار هێشتا ئەو تیپەیە کە کۆمەڵێک یاریزانی هەیە دەتوانن بە ئاسانی گۆڵ بکەن، ئەوان خۆبەدەستەوە نادەن".

زیزۆ هەروەها گوتی "لە لالیگادا هەموومان دەبێ لە هەندێک کاتی یارییدا بناڵێنین، بەڵام هێشتا لەو بڕوایەدام کە ئێمە بەشێوەیەکی باش دەستمان بەسەر یارییەکەدا گرتبوو، کە ئەمە بەشێکە لە تۆپی پێ، زۆر دڵخۆشین بە بردنەوەکەمان و بەردەوام بوون لەسەر سەرکەوتنەکان، ئێستا دەبێ پشوویەک بدەین و بیر لە یاری داهاتوومان بکەینەوە".

راهێنەری ریال مەدرید، لە بەردەوامی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە یاریزانەکانی پێویستە هەمیشە زیاتر لە تواناکانیان پێشکەش بکەن و گوتی "لە هەموو یارییەکدا پێویستە لە بەرزترین ئاستماندا بین، دەبێ لە هەموو یارییەکدا 200٪ـی ئاستمان پێشکەش بکەین، نابێ بۆ یەک خولەکیش خاوببینەوە. پێویستە بەردەوام بین لەسەر رێچکەکەمان، جەنگەکە بەردەوامە تا کۆتایی".

سەبارەت بەو حاڵەتەش کە تۆپ بەر دەستی سێرخیۆ رامۆسی کاپتن کەوت و ناوبژیوان لێدانی سزای هەژمارنەکرد؟ زیدان گوتی "ئەو حاڵەتەی رامۆسم نەبینی، من وەک هەمیشە نامەوێت قسە لەسەر ناوبژیوان بکەم، بەڵام لە کۆتاییدا ناوبژیوان هەیە، کاتێک ناوبژیوان فیکە لێنادات واتا لێدانی سزا نییە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە