سزایەکی تووند بەسەر بلاتەر و پلاتینی سەپێنرا
رووداو - هەولێر
لیژنەی هەڵسەنگاندن و رەوشت لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان فیفا بڕیاری راگرتنی هەریەک لە میشێل پلاتینی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و جۆزێف بلاتەری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی بۆ ماوەیەکی درێژ دەرکرد.
لیژنەکە هەریەک لە بلاتەر و پلاتینی کە پێشتر بۆ 90 رۆژ راگیرابوون بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە هەموو چالاکییەکی وەرزشی راگرت، ئەمەش دوای ئەو زنجیرە گەندەڵیانە کە لە هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و ئەوروپادا روویانداوە، لیژنەکە ئەوەی راگەیاندووە سزادانی ئەو دوو بەرپرسەی تۆپی پێ بەهۆی دیارنەمانی 1.35 ملیۆن پاوەندە لە ساڵی 2011 .
لە بڕیارەکەدا راگەیێنراوە بلاتەر بەبڕی 33 هەزار و 700 پاوەند سزادەرێت و پلاتینیش بڕی 53 هەزار و 900 پاوەندی لێ وەردەگیرێت.
هەریەک لە جۆزێف بلاتەر و میشێل پلاتینیش بەرگری لە خۆیان دەکەن و رەتیدەکەنەوە هیچ کارێکی نایاساییان کردبێت و لە دادگای نێودەوڵەتی وەرزشی لە لۆزانی سویسرا داوای مافەکانیان دەکەن.