بنزیما: دەمەوێت لە نزیک شاری مەککەی پیرۆز بژیم
رووداو دیجیتاڵ
کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەڕەنسیی یانەی ئیتیحادی سعودی، خۆشحاڵییەکی زۆری خۆی دووپاتکردەوە بە بوونی لە شانشینی سعودیە، بەتایبەتی لە نزیک شاری مەککە.
بنزیما لە مانگی حوزەیرانی 2023 پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ئیتیحادەوە کرد، دوای گەشتێکی مێژوویی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید کە ماوەی 14 ساڵی خایاند، و لەو ماوەیەدا سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی چەندین دەستکەوتی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ، بەو پێیەی بووە یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی مێژووی یانەکە.
بنزیما لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریدا سەبارەت بە خولی سعودیە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نێتفلێکس پەخشکرا، گوتی "من موسڵمانم و سعودیە وڵاتێکی موسڵمانە من سەر بە ئێرەم، لە نزیک شاری مەککە".
ئاماژەی بەوەشکرد "لە سعودیە هەست بە ئاسوودەیی دەکەم، هەموو شتێک لێرە زیاترە لە نایاب، تۆپی پێ ژیانی منە، بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا و ژیان لە تەنیشت مەککە شتێکی جیاوازە".
بنزیما لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "هێشتا دەمەوێت یاری بکەم، ئامانجیشم بەدەستهێنانی شکۆمەندییە لە یاریگادا، تەنیا شتێک کە دەتوانم بڵێم ئەوەیە کە لەهەر شوێنێک بم سەردەکەوم، شتەکە ئاوا سادەیە".
ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی ریال مەدرید، هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە "گواستنەوە بۆ ئیتیحاد بە مانای تەنیا یاریکردن لە ریزەکانی تیپێکی دیکەدا نییە، بەڵکو بەمانای ژیان لە شوێنێکی دیکە و خۆگونجاندنە لەگەڵ ژیانێکی جیاوازدا، تەنانەت ئەگەر وڵاتێکی نایابیش بێت دەبێت فێربیت لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەدا بگونجێی. خۆگونجاندن لەگەڵ شێوازی یاریکردن و دیدگای جیاوازی راهێنەر، مەرجی پێش سەرکەوتنن، بۆیە دەبێت هەوڵێکی زۆر بدەیت بۆ خۆگونجاندن".
سەبارەت بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ هاندەرانی یانەکەی، کەریم ئاماژەی بەوەدا "هاندەرانی ئیتیحاد بەگەرمی پێشوازییان لێکردم، هەر زوو هەستم بەو خۆشەویستییە زۆرە کرد کە بۆ من هەیانە، من هەمیشە دڵخۆشم".
بنزیما دەستی ئاماژەی بە کۆتاییە خراپەکەی یانەی ئیتیحاد لە وەرزی رابردوودا کرد و گوتی "دۆڕان فێرت دەکات و واتلێدەکات پێداچوونەوە بەخۆتدا بکەیت. دەبێت هەموومان وەرزی رابردوو لەبیربکەین، بەڵام بۆ ئەم وەرزە هیچ بیانوویەکمان نابێت".
سەبارەت بەو رەخنانەی کە هەندێکجار لەلایەن میدیاکانەوە ئاراستەی دەکرێن، کەریم بنزیما گوتی "پێویستم بە میدیا نییە کە پێمبڵێت چۆن ژیانم بژیم، من دەزانم کێم، راددەی بەهرە و پیشەکەم دەزانم، دەزانم دەتوانم چی بکەم و لە تەمەنی ئەمڕۆمدا و بەو هەموو ئەو شتانەی فێربووم، پێگەی خۆم بەباشی دەزانم، و پێویستم بە رۆژنامەنووسێک نییە پێمبڵێت من کێم، بۆیە گرنگ نییە چی دەڵێن".
بنزیما لەگەڵ یانەکەی تووشی چەندین قەیرانی جیاواز بوو، چ لەسەر ئاستی پێکان بێت یان ناکۆکی لەگەڵ ستافی تەکنیکی و کارگێڕیی یانەکە، کە بە ناکۆکییەکی بەهێز لەگەڵ نونۆ سانتۆی راهێنەری پێشووی یانەکە دەستیپێکرد و دواتر لەگەڵ گایاردۆی ئەرجەنتینیش دووبارە بووەوە، تاوەکو کار گەیشتە ئەوەی کە لۆران بلانی هاونیشتیمانی کەریم بەرپرسیارێتی وەرزی ئێستای لەئەستۆ گرت، کە تێیدا بنزیما ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات.
لەم وەرزەدا کەریم بنزیما 9 یاری لەگەڵ ئیتیحاد ئەنجامداوە، 8 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەسیستێکی هەیە.