هەواڵێکی زۆر ناخۆش لەسەر لامین یامال گەیشتە بارسێلۆنا

رووداو دیجیتاڵ

میدیاکانی ئیسپانیا هەواڵێکی زۆر ناخۆش بە هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا رادەگەیێنن کە تایبەتە بە ئەستێرەی یەکەمی یانەکەیان، لامین یامال و دەڵێن "ئەگەری هەیە پێکانەکەی لامین یامال درێژخایەنتر بێت لەوەی پێشبینی دەکرا".
 
رۆژی 10ـی ئەم مانگە بارسێلۆنا رایگەیاند کە لامین یامال تووشی پێکان بووە لە پاژنەی راستی و نووسراوێکی بۆ یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا نارد بۆ ئەوەی ناوی لە لیستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا نەبێت بۆ هەفتەی فیفا و بانگهێشت نەکرا.
 
سەرەتا پزیشکانی یانەکە رایانگەیاند کە یاریزانەکە پێویستی بە دوو هەفتە دەبێت بۆ چاکبوونەو  و دەستکردنەوە بە یاری، بەڵام وادیارە یاریزانەکە کاتێکی زۆرتری پێویستە بۆ گەڕانەوە.
 
ئەمڕۆ میدیاکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئاشکرایانکرد، کە یاریزانەکە پێویستی بە پشکنینی پزیشکی نوێ هەیە، بۆ ئەوەی بزانرێت قەبارەی پێکانەکەی چەندە و چەند کاتی دەوێت بۆ چاکبوونەوە و گەڕنەوە مۆ مەشقەکانی بارسێلۆنا.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لامین یامال هێشتا بەدەست ئازاری پێکانەکەیەوە دەناڵێنێت و بەدڵنیاییەوە بەشداری لە یاریی داهاتووی بارسێلۆنا لە لالیگادا ناکات، کە رۆژی شەممە لە گەڕی 14ـی لالیگادا دەبێتە میوانی سێلتاڤیگۆ.
 
تەنانەت بەئەگەری زۆرەوە یاریزانەکە بۆ یاریی داهاتووی یانەکەی لە چامپیۆنزلیگیشدا ئامادە نابێت، کە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە گەڕی 5ـدا میوانداری ستاد برێستی فەرەنسی دەکات.
 
لامین یامال ئێستا یەکێکە لە کاریگەرترین یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا و هەر کاتێک بەشداری لە یارییەکانی بارسادا نەکات کاریگەریی ئامادەنەبوونی بە روونی دیارە و تەنانەت لە دوو یارییدا کە ئەو بە سەرەکی یاری نەکردووە بارسێلۆنا دۆڕاوە.
 
بارسێلۆنا ئێستا بەکۆکردنەوەی 33 خاڵ لە 13 یارییدا پێشەنگی لالیگای گرتووە و ریال مەدریدی رکابەری بە 27 خاڵ پلەی دووەمی گرتووە، بەڵام یارییەکی کەمتر کردووە.