کلاسیکۆی جیهان.. یارییەكی پڕ لە کێشە و رووداوی سەرنجراکێش

رووداو دیجیتاڵ
 
لە درێژەی یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026، یاریگەی ماراکانا دەبێتە گۆڕەپانی ئەنجامدانی "کلاسیکۆی زەوی" لە نێوان هەڵبژاردەی بەرازیل و ئەرجەنتین. 
 
لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەیاندا، ئەو دوو هەڵبژاردەیە هەمیشە ئەوەیان سەلماندووە کە ناکرێت یارییەکی نێوانیان بەبێ رووداوی سەرنجراکێش و شەڕ و ئاژاوە کۆتایی بێت. لەم راپۆرتەدا بەشێك لەو رووداوە مێژوویانە باس دەکەین کە سەرنجی جیهانیان بۆ لای خۆیان راکێشاوە و تاوەکو ئێستاش مشتومڕی لەسەرە. 
 
 
جەنگی باراکاس
 
لە کۆپا ئەمریکای ساڵی 1925، لە رۆژی کریسمسدا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاریگەی سپۆرتیڤۆ باراکاس میوانداری بەرازیلی کرد. 
 
پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەمی یارییەکە، هەڵبژاردەی بەرازیل هێرشێك دەبات و رامۆن موتیسی بەرگریکاری ئەرجەنتینی بە تووندی لە فریدینرایچی هێرشبەری بەرازیلی دەدات. دواتر فریدینرایچ شەقێك لە موتیس دەدات و و شەڕ و ئاژاوە باڵ بەسەر یارییەکەدا دەکێشێت و تەنانەت بەشێك لە هاندەرانیش دێنە یاریگە و شەڕەکە گەورەتر دەبێت.
 
دواتر یارییەکە جارێکی دیکە دەستپێدەکاتەوە و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یارییەکە دەباتەوە و بۆ دووەمین جار نازناوی کۆپا ئەمریکا بەدەستدەهێنێت، بەڵام ئەو رووداوە لە بەرازیل هەروا بە ئاسانی چاوپۆشی لێنەکرا و رۆژنامەکانی وڵاتەکە ئەو یارییەیان بە "جەنگی باراکاس" ناوبرد و بەهۆی ئەو کێشانەوە، بۆ ماوەی 11 ساڵ هیچ یارییەکی فەرمی لە نێوان بەرازیل و ئەرجەنتین ئەنجام نەدرا. 
 

 
یارییە شەرمەزارکەرەکە
 
ساڵی 1937 لە دوایین یاری پاڵەوانێتی ئەمریکای باشوور لە یاریگەی گاسۆمێترۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین میوانداریی بەرازیلی کرد. هەر لە سەرەتای یارییەکەدا شەڕ و توندوتیژی لە نێوان هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە درووست بوو کاتێك هاندەرانی ئەرجەنتین لاسایی دەنگی مەیمونیان دەکردەوە وەك ئاماژەیەك بۆ رەگەزپەرستی دژی هاندەرانی بەرازیل. 
 
دواتر یارییەکە دەستپێدەکات و لە کاتی ئاسایی یارییەکەدا هیچ گۆڵێك تۆمار ناکرێت. پاشان لە گێمی زیادکراودا، ئەرجەنتین دوو گۆڵ تۆمار دەکات، بەڵام یاریزانانی بەرازیل گومانیان لە دروستی یەکێك لە گۆڵەکان هەبوو و هەروەها لەپێناو پاراستنی سەلامەتی خۆیان یاریگە بەجێدەهێڵن و یارییەکە تەواو ناکەن. ئەم یارییە بووە هۆی تووڕەبوونی بەرازیلییەکان و میدیاکانی ئەو وڵاتە بە "یارییە شەرمەزارکەرەکە" ناویانبرد.
 

 

جامی رۆکای 1939
 
ساڵی 1939 لە جامی رۆکا، لە یارییەکی دراماتیکیدا هەڵبژاردەی بەرازیل لە یاریگەی ساو جانواریۆ میوانداری ئەرجەنتینی کرد. لە سەرەتای یارییەکەدا بەرازیل توانی گۆڵی یەکەم تۆمار بکات و دواتر ئەرجەنتین دەگەڕێتەوە و دوو گۆڵ لەسەریەك تۆمار دەکات. پاشان بەرازیل بەخێرایی گۆڵی دووەم دەکات و یارییەکە بۆ خاڵی سەرەتا دەگەڕێنێتەوە.
 
 لە کۆتاییەکانی یارییەکە، ناوبژیوان لێدانێکی سزا بۆ بەرازیل هەژمار دەکات، دواتر یەکێك لە یاریزانانی ئەرجەنتین هێرش دەکاتە سەر ناوبژیوان و لەلایەن هێزەکانی پۆلیس دەکرێتە دەرەوەی یاریگە. دوای بینینی ئەم رووداوە، یاریزانانی ئەرجەنتین تووڕە دەبن و یاریگە بەجێدەهێڵن. بەبێ بوونی گۆڵچی ئەرجەنتین لە یاریگەدا بەرازیل بە لێدانە سزاکە گۆڵی سێیەم تۆمار دەکات و یارییەکە بە ئەنجامی 3-2 لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێدەهێنێت. 

 

 
سکانداڵی "ئاوە پیرۆزەکە"
 
لە جامی جیهانی ساڵی 1990، جارێکی دیکە هەردوو هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. لەو یارییەدا برانکۆ، بەرگریکری بەرازیلی توانی ئاستێکی باش پێشكێش بکات و دیێگۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتینی رابگرێت. دواتر بەهۆی پێکانی یاریزانێکەوە یارییەکە دەوەستێت و برانکۆ دەبەیەکی ئاو لە ستافی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین وەردەگرێت و دەیخواتەوە. 
 
دوای یارییەکە برانکۆ رایگەیاند کە دوای خواردنەوەی ئاوەکە هەستی بە خەواڵویی کردووە و نەیتوانیوە لە راگرتنی مارادۆنا بەردەوامبێت کە دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکە ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە توانی ئاسیستێك بۆ کلاودیۆ کانیجیا بکات و بەو تاکە گۆڵە یارییەکە لە بەرژەوەندی تانگۆ کۆتایی پێبێنێت و هەڵبژاردەی بەرازیل لە پاڵەوانێتییەکە دووربخاتەوە. 
 
دوای چەندین ساڵ لەو رووداوە، مارادۆنا لە لێدوانێکیدا گوتی کە ئەو دەبە ئاوەی بە برانکۆ دراوە، دەرمانی هێورکەرەوەی تێدابووە و دواتر برانکۆ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە سکاڵای یاسایی لەسەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تۆماردەکات، بەڵام هەڵبژاردەکە ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند کە هیچ شتێكی لەو شێوەیە رووی نەداوە. دواتر میدیاکان ئەو سکانداڵەیان بە "ئاوە پیرۆزەکە" ناوبرد و تاوەکو ئێستاش راستی رووداوەکە نازانرێت و بە یەكێك لەو رووداوانە دادەنرێت کە کێشە و رکابەرییەکانی نێوان ئەو دوو هەڵبژاردەیەی زیاتر کردووە.