ڤیدیۆ؛ عێراق لە دوایین خولەکدا گۆڵی کرد و دووەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق دووەم یاریی لەسەریەکی لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال بردەوە و سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر ڤێتنام بەدەستهێنا.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دووەم یارییدا، هەڵبژاردەی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤێتنام یارییکرد و لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا موهەنەد عەلی گۆڵی بردنەوەی بۆ هەڵبژاردەکە تۆمارکرد.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، سەرەڕای ئەوەی یاریزانانی هەردوولا خۆیان لە گۆڵی یەکدی نزیککردەوە، بەڵام هێرشبەرانی هیچ یەکێکیان لە هەژاندنی تۆڕی ئەوەی دیکەیان سەرکەوتوو نەبوون و نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، هەردوولا هەوڵیاندەدا گۆڵ تۆماربکەن، خیسوس کاساس چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجامدا، بەڵام تاوەکو دوایین خولەکی یارییەکە گۆڵ نەبینرا.
 
لە خولەکی 96 موهەنەد عەلی ناسراو بە میمی، بەلێدانێکی سەر گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد، ئەم گۆڵە بووە هۆکاری ئەوەی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سێ خاڵی یارییەکە بباتەوە.
 
عێراق دوو یارییە لەسەریەک لە پاڵاوتنە هاوبەشەکانی مۆندیالی 2026 و جامی ئاسیای 2027 دەباتەوە، ئێستا خاوەنی 6 خاڵە و پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی سێیەمی گرتووە، یاریی داهاتووی لە پاڵاوتنەکاندا بەرامبەر فلیپین دەبێت لە رۆژی 21ـی ئادارای ساڵی 2024.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق، 5 یاریزانی کورد یاریی دەکەن، ئەوانیش مێرخاس دۆسکی، پێشەنگ عەبدوڵلا، ئەحمەد عەلی، یوسف ئەمین و ئوسامە رەشیدن.