عێراق بۆ دووەم بردنەوەی لەسەریەک یاریی دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
بەئامانجی بەدەستهێنانی دووەم بردنەوەی لەسەریەک، هەڵبژاردەی عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ڤێتنام یاریی دەکات و دەیەوێت سێ خاڵی دیکە بباتەوە.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاژێر 15:00 لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام هەڵبژاردەی عێراق دەبێتە مێوانی هەڵبژاردەی ڤێتنام، لە چوارچێوەی یارییەکانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2026 و جامی ئاسیای 2027، هەڵبژاردەی عێراق چاوی لە سێ خاڵی یارییەکەیە بۆ ئەوەی لە پیشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە بەهێزبکات.
 
هەڵبژاردەی عێراق بۆ دووەم یاریی لەسەر لە تواناکانی ئەمجەد عەتوان، کاپتنی یانەی زاخۆ  و زیدان ئیقبال، یاریزانی یانەی ئوترێختی هۆڵەندی بێبەش دەبێت.
 
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەلبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە باسی لەوە کرد کە مێژووی رووبەرووبونەوەی هەردوو هەڵبژاردەکە پێوەر نابێ بۆ ئەنجامی یارییەکە، هەڵبژاردەی ڤێتنام ئێستا بەهێز و رێکخراوە.
 
راهێنەرە ئسپانیەکە زیاتر دەڵێت " چاومان لەسەر 3 خاڵێ یارییەکەیە و ئەوە ئاسان نییە، بەهێزەوە راهێنان دەکەین و خۆمان ئامادەدەکەین و لە هەموو یارییەکدا چاومان لە بردنەوەیە."
 
هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق هیوای زۆریان بە هەڵبژاردەکەیانە بە تایبەت دوای ئەو ئاستە نایابەی تیپەکە لە یاری یەکەمی بەرامبەر ئیندونیزیا پێشکێشیکرد و توانی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکە بباتەوە.
 
ئەوەی جێگای سەرنج بوو لە یاریی یەکەم دەرکەوتنی یاریزانی کوردی یانەی ئیتراخت براونشڤایگی ئەڵمانی یوسف ئەمین بوو کە لە دوایین خولەکەکانی یارییەکە یاریی کرد و گۆڵێكی تۆمار کرد.
 
هەڵبژارەی عێراق لە کۆمەڵەی شەشەم یاریی دەکات و لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ئیندونیزیا، ڤێتنام و فلیپین یاریی دەکات و بەبردنەوەی یەکەم یاری لە پێشەنگی کۆمەڵەکەیە.