ئایا ناوبژیوانان یارمه‌تی یوڤێنتوس ده‌ده‌ن؟
"له دوایین 10 ساڵدا ناوبژیوانان زۆرترین لێدانی سزایان بۆ میلان هه‌ژماركردووه"
رووداو ـ هه‌ولێر
هه‌میشه له ئیتاڵیا هه‌وادارانی یانه‌كانی ئیتاڵیا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له چاودێرانیش، هه‌ندێك له ناوبژیوانانی خولی ئیتاڵیا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه لایه‌نگریی یانه‌ی یوڤێنتوسن و ده‌ڵێن "له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا یارمه‌تی ناوبژیوانان هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه بۆ ئه‌وه‌ی یوڤێنتوس باڵاده‌ستی خۆی به‌سه‌ر خولی ئیتاڵیادا بسه‌پێنێت". به‌ڵام ئاماره‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌سه‌لمێنن و یوڤێنتوس بێبه‌ری ده‌كه‌ن له یارمه‌تی ناوبژیوانان.
ناوه‌ندێكی لێكۆلینه‌وه‌ی تایبه‌ت به ئاماره‌كانی تۆپی پێ، به‌دواداچوونێكی بۆ ئه‌م پرسه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی روونبكاته‌وه ئایا یوڤێنتوس له دوایین 10 ساڵدا له خولی ئیتاڵیادا چه‌نده سوودمه‌ند بووه له بڕیاره‌كانی ناوبژیوانان و بۆ ئه‌و ئامانجه‌ش ته‌نیا لێدانه‌كانی سزای به پێوه‌ر وه‌رگرتووه، ئه‌گه‌رچی پێناڵتی ته‌نیا پێوه‌ر نییه بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئایا كام تیپ تا چه‌ند سوودمه‌ند بووه له بڕیاری ناوبژیوان، به‌ڵام ده‌كرێت به یه‌كێك له گرنگترین پێوه‌ره‌كان هه‌ژمار بكرێت، چونكه وه‌ك ئه‌و ناوه‌ندی لێكۆلینه‌وه باسی ده‌كات "ئه‌گه‌ر ناوژیوانێك بیه‌وێت یارمه‌تی تیپێك بدات، باشترین رێگه بۆ ئه‌و هه‌ژماركردنی لێدانێكی سزای نادروسته بۆ تیپه‌كه یان هه‌ژمارنه‌كردنی لێدانێكی سزای دروسته له‌دژی ئه‌و تیپه".
یوڤێنتوس شه‌شه‌مه
به‌پێی ئه‌م پێوه‌ره، ئاماره‌كانی 10 ساڵی رابردوو ئه‌و تۆمه‌تانه له‌سه‌ر یوڤێتوس لاده‌به‌ن، چونكه جیا له‌وه‌ی یانه‌ی خانمه پیره‌كه له دوایین 3 ساڵدا نزیكبووه له بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌وروپا، به‌و پێیه‌ی 2 جار گه‌یشتووه‌ته یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ، كه ئه‌مه گه‌وره‌یی یانه‌كه نیشان ده‌دات، له‌سه‌ر ئاستی كالچیۆشدا شه‌شه‌م یانه‌یه له رووی سوودوه‌رگرتن له لێدانه‌كانی سزا. واته له دوایین 10 ساڵدا 5 یانه‌ی دیكه‌ی ئیتاڵیا زیاتر له یوڤێنتوس سوودیان له لێدانه‌كانی سزا وه‌رگرتووه. یوڤێنتوس له كۆی 354 یارییدا ته‌نیا 61 لێدانی سزای بۆ هه‌ژماركراوه، واته له هه‌ر 6.1 یارییدا یه‌ك لێدانی سزای بۆ هه‌ژماركراوه.
سوپرایز
ئه‌و ئامارنه سوپرایزێك ئاشكرا ده‌كه‌ن، كه تایبه‌ته به‌و یانانه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كانیان زۆرترین تۆمه‌تی "یارمه‌تیدانی ناوبژیوان" ده‌خه‌نه پاڵ یوڤێنتوس، چونكه ئه‌و ئامارانه ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌و یانانه زۆرترین سوودیان له لێدانه‌كانی سزا وه‌رگرتووه له دوایین 10 ساڵدا.
به‌پێی ئه‌و ئامارانه، یانه‌ی ئه‌ی سی میلان، كه جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی زۆرترین تۆمه‌ت ده‌داته پاڵ یوڤێنتوس، زۆرترین سوودی له لێدانه‌كانی سزا وه‌رگرتووه‌و له كۆی 354 یارییدا سوودی له 79 لێدانی سزا وه‌رگرتووه، واته به رێژه‌ی لێدانێكی سزا له هه‌ر 4.5 یارییدا. دواتریش هه‌ریه‌ك له لازیۆ و ناپۆلی به 76 لێدانی سزا له پله‌كانی دووه‌م و سێیه‌م دێن. له‌دوای ئه‌وانیش یانه‌ی فیۆرێنتینا به 74 لێدانی سزا و رۆما به 72 لێدانی سزا له پله‌كانی چواره‌م و پێنجه‌م دێن.
له‌به‌رئه‌وه هانده‌رانی یوڤێنتوس ئێستا ئه‌و ئه‌و تۆمه‌تانه به "درۆ گه‌وره‌كه" ناوده‌به‌ن و ده‌ڵێن "یوڤێنتوس پاشای ئیتاڵیایه و پێویستی به یارمه‌تی ناوبژیوانان نییه.
ئینته‌رمیلان دوایینیانه
تاكه یانه‌ی گه‌وره‌ی ئیتاڵیا كه كه‌مترین سوودی له لێدانه‌كانی سزا وه‌رگرتووه له ماوه‌ی ئه‌و 10 ساڵه‌دا، یانه‌ی ئینته‌رمیلانه، كه ته‌نیا 53 لێدانی سزای بۆ هه‌ژماركراوه، یانه‌ی كالیاریش به هه‌مان ژماره هاوبه‌شی ئینته‌رمیلانه. بێگومان به‌شێكی ئه‌و لێدانی سزایانه به بڕیاری دروست هه‌ژماركراون، به‌ڵام هه‌ندێكیشیان به بڕیاری هه‌ڵه‌ی ناوبژیوانان بوونه و بێگومان له ئه‌نجامدا هه‌ندێك یانه سوودمه‌ند و هه‌ندێكیشیان زه‌ره‌رمه‌ندبوونه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر یوڤێنتوس زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بووبێت ئه‌وا سوودمه‌ندیش نه‌بووه. كه به‌دڵنیاییه‌وه به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیای ڤار له هه‌ڵه‌ی ناوبژیوانان كه‌مده‌كاته‌وه.