پاوڵۆ دیبالا دەرگای رۆیشتنی لە یوڤێنتوس کردەوە


رووداو - هەولێر

پاوڵۆ دیبالا، ئەستێرەی گەنجی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی دەرگاری رۆیشتنی لە یانەکە لە کاتەکانی داهاتوودا کردەوە.

چەند یانەیەکی گەورەی ئەوروپا گرنگی بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی دەدەن، لەسەرووی هەمووشیانەوە هەردوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا، ریال مەدرید و بارسێلۆنا، بەڵام یوڤێ دەیەوێت بەرگری لە یاریزانەکەی بکات.

دیبالا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا بە رۆژنامەی فرانس فۆتبۆڵی راگەیاندووە، ناتوانم بەڵێنی مانەوە بۆ هەتا هەتا لە یوڤێنتوس بدەم، بەتایبەت کە ئەوە بە تەنیا پەیوەندیی بە منەوە نییە.


 

یاریزانەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، وەرگرتنی درێسی ژمارە 10 بۆ من شەرەفێکی گەورەیە، لە تۆپی پێدا کەس نازانێت لە داهاتوودا چی روودەدات.

دیبالا دەربارەی رکابەری خۆی لەگەڵ نەیمار داسیلڤا لەسەر بردنەوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتۆنی گوتی، دوای وازهێنانی رۆناڵدۆ و مێسی، بەڵێ رکابەرییەکی شەریفانە دەکەین، مێسی و رۆناڵدۆ دوو یاریزانی نموونەن، بەڵام نەیماریش نزیکە لە ئاستی ئەوان و دەرفەتی بردنەوەی خەڵاتەکەی دەبێت.

یاریزانەکەی تانگۆ زیاتری گوتی، دەمەوێت منیش بگەمە ئاستێکی بەرز و رکابەری لەسەر بردنەوەی دەستکەوتە تاکە کەسییەکان بکەم و ببمە باشترین یاریزانی جیهان.