فلیک: لە بەرامبەر بایرن میونشن و ریال مەدرید شێوازەکەم ناگۆڕم
رووداو دیجیتاڵ
هانسی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند، گەڕانەوەی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی، گاڤی بۆ یاریکردن بەرامبەر سێڤییا، کە بارسا 5-1 بردییەوە، بۆ تیپەکە زۆر گرنگە، دوای دوورکەوتنەوە بۆ ماوەی 11 مانگ بەهۆی پێکانەوە.
راهێنەرەکە دوای یارییەکە، گوتی "ئێمە دڵخۆشین کە گاڤی گەڕایەوە دوای ئەوەی بەم شێوەیە یاریزانەکانمان زۆر باش یارییان کرد، ئێمە دڵخۆشین بەئەنجامەکە و بۆ گاڤی، کە یارییەکی باشی ئەنجامدا، کەشی یارییەکە ئەوەندە جوان بوو، جەستەم دەلەرزی".
فلیک جەختیشی لەوە کردەوە کە "گەڕانەوەی گاڤی زۆر گرنگە بۆ تیپەکە"، و تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکەی کاتێک چووە نێو یاریگا.
فلیک بەگاڵتەجاڕییەوە، گوتی "هەندێکجار، ئەگەر ئارامتر بووایە باشتر دەبوو، بەڵام کەسایەتییەکەی دەناسین".
لەلایەکی دیکەوە فلیک ئاماژەی بەوەدا کە ئێریک گارسیای بەرگریکاری ناوەڕاست لە کاتی خۆگەرمکردنەوەکەدا رووبەڕووی هەندێک کێشە بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە نەتوانێت یاری بکات، بەڵام روونیکردەوە کە "بابەتەکە مەترسیدار نییە"، هیوای خۆاست کە یاریزانەکە بۆ یاریی رۆژی چوارشەممە بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگدا ئامادە بێت.
راهێنەری بارسا هەروەها رایگەیاند کە بەنیازبوو فرێنکی دی یۆنگی یاریزانی ناوەڕاست لەم یارییەدا بەسەرەکی یاری پێبکات، بەڵام ئەم بژاردەیەی رەتکردەوە، چونکە یاریزانەکە لە هەفتەی رابردوودا هەستی بە هەندێک ناڕەحەتی کردووە.
فلیک روونیشیکردەوە "فرێنکی پێکانی نییە، دەیتوانی ئەمڕۆ یاری بکات، بەڵام ئێمە جاڤیمان هەڵبژارد، و دی یۆنگ بۆ رۆژی چوارشەممە بەرامبەر بایرن میونشن یاری دەکات".
راهێنەرە ئەڵمانییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کە بارسێلۆنا لە دوو یارییەکەی هەفتەی داهاتوو بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ و بەرامبەر ریال مەدرید لە کلاسیکۆی لالیگادا، شێوازی یاریکردنی ناگۆڕێت.
کاتێک پرسیاری لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و هاری کەین لە رۆژی چوارشەممە لێیکرا؟ فلیک نەیویست باسی ئەم خاڵە تایبەتە بکات، و تەنیا گوتی "گرنگ ئەوەیە کە لیڤاندۆڤسکی گۆڵی تۆمارکرد. من دڵخۆشم بۆی، بەهۆی ئەو نمایشەی کە پێشکەشی دەکات".
لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی "یاریکردن بە ئانسۆ فاتی زۆر گرنگە، بەڵام دوای پێکانەکەی، بۆی ئاسان نییە. زۆر باشە کە گەڕاوەتەوە، ئاستەکەی باشتر دەبێت، بەڵام من دڵخۆشم لەگەڵیدا، لە کاتێکدا پابلۆ تۆرێ دەتوانێت لە پۆستی ژمارە 7 یاری بکات، هەر بۆیەش لەبری لامین داماننا. ئەمە گرنگە بۆ متمانەی خۆی".
فلیک لە کۆتاییدا گوتی "پێویستە خۆمان لەوە بپارێزین کە بەئاسانی گۆڵمان لێبکرێت وەک گۆڵەکەی سێڤییا، چونکە دەبێت هەمیشە گوشار بخەینە سەر ئەو یاریزانەی تۆپەکەی لایە".