یارییەکی ئەمریکی گەیشتە کوردستان

21-10-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یاری ئۆڵتیمەت فریسبی
A+ A-
رووداو هەولێر 

یاری ئۆڵتیمەت فریسبی، یارییەکی ئەمریکییە و بەکۆمەڵ ئەنجامدەدرێت، ئەم یارییە گەیشتووەتە کوردستان و پاڵەوانێتییەکیش بۆ هەوادارانی بەڕێوەچوو.
 
ئەم یارییە بۆ یەکەمجار لە 1968 لە ئەمریکا کراوە، دوای پێنج ساڵ لە ئەنجامدانی ئەم یارییە ئەمریکییە لە کوردستان، پاڵەوانێتییەک بۆ هەشت تیپ لەسەر ئاستی شارەکانی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، رێکخەرانی ئەم پاڵەوانێتییە هیوایان بڵاوکردنەوەی یارییەکە و ناساندنی بە خەڵکی کوردستان.
 
جیم وات، خەڵکی ئەمریکایە 10 ساڵە بۆ کارکردن ژیانی هێناوەتە کوردستان، پشووی هەموو هەفتەیەک لە یاریگەی ئەکاد عەنکاوە لەگەڵ هاوڕێکانی یاری ئۆلتیمەت فریسبی دەکات، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئۆڵتیمەت فریسبی یارییەکی خۆشە، دەرفەتێکی باشە لە رێگای ئەم یارییەوە خزمەتی منداڵان و ئافرەتان لەگەڵ ژینگە بکەین، یارییەکی پێکەوەییە، بۆ نموونە من کاتێک یاریدەکەم تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆم ناکەمەوە، بەڵکو بیر لە تیپەکەم دەکەمەوە و هەموو ئەم شتە باشانەی باسمکردن هۆکار بوون بۆ ئەوەی پاڵەوانێتییەک ساز بکەین". 
 
یاری ئۆڵتیمەیت فریسبی لە نێوان دوو تیپ ئەنجامدەدرێت کە هەر تیپێک بە حەوت یاریزان دێنە نێو گۆڕەپانێکی چیمەن رێژ کە درێژییەکەی شەست و چوار سانتیمەترە و پانییەکەی سی و حەوت مەترە، لە ماوەی دوو گێمی سی خولەکیدا هەردوو تیپ هەموو هەوڵیان گەیاندنی ئەو پارچە پلاستیکەی دەستیانە بۆ کۆتا گۆشەی گۆڕەپانەکە، بە هەر گەیاندنێک خاڵێک وەردەگرن، لەم یارییەدا هیچ جوڵەیەکی توند نییە و ناوبژیوان بوونی نییە، پێچەوانەی یارییەکانی دیکەیە. 
 
سی سی رۆ، خانمێکی تەمەن 25 ساڵی کۆریای باشوورە، چوار مانگە بۆ کارکردن هاتووە بۆ هەولێر، پێشتر ئەم یارییەی ئەنجامداوە و ئێستاش دڵخۆشە لەسەر خولیاکەی بەردەوامە، ئەو بەدڵخۆشییەوە بۆ رووداوی روونکردەوە "من خەڵکی کۆریای باشوورم هاتووم بۆ ئەنجامدانی یاری ئۆڵتیمەیت فریسبی، بەڵێ لە راستیدا چێژێکی زۆر لە یارییەکە دەبینم لە هەولێر، پێشتر لە میسر یارییەکەم کردووە، ئێستا لەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا لە هەولێر یارییەکە دەکەم بەڕاستی کەشێکی جوانە ". 
 
ئێستا لە کوردستان زیاتر لە 250 یاریزان ئەم یارییە ئەنجامدەدەن، رێکخەرانی پاڵەوانێتی ئۆڵتیمەیت فرێسبی پلانیان زیادکردنی ژمارەی یاریزانان و بەشداریکردنیانە لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەدا، ئەمەش لە رێگای بوون بە ئەندام لە فیدراسیۆنی جیهانی ئۆڵتیمەت فریسبی، کە لە 1985 دامەزراوە و 90 وڵات ئەندامن و بارەگای سەرەکی لە وڵاتی سویسرایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە