50 ملیۆن لە سعودیەوە بۆ مۆرینیۆ


رووداو دیجیتاڵ

چوونی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی بۆ سعودیە نزیک و نزیکتر دەبێتەوە، سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە دەستەوارە بەمووچەی خەیاڵیی دراوەتە راهێنەری ئێستای رۆما بۆ ئەوەی لە خولی ئەو وڵاتە درێژە بەکارکردن بدات.
 
مۆرینیۆ لەگەڵ رۆما لە دۆخێکی باشدا نییە، پەیوەندی ئەو راهێنەرە بەکارگێڕیی یانەکەوە هەڵچوون و داچوونی زۆری تێدایە بەهۆی ئەو ئەنجامانەی یانەکەوە کە مایەی دڵخۆشیی هاندەران و دەستەی کارگێڕیی یانەکە نین.
 
پێشتر مۆرینیۆ رایگەیاندبوو رۆژێک لە رۆژان لە سعودیە درێژە بەکاری راهێنەرایەتی دەدات.
 
رۆژنامەی 'کۆرێرۆ دیلۆ سپۆرت'ی ئیتاڵیا ئاشکرایکردووە، دوو یانەی سعودی دەستەوارەی زەبەلاحیان پێشکێشی سپێشەڵ وەن کردووە بۆ کارکردن لەگەڵیدا.
 
مۆرینیۆ لە رۆما وێڕای گرێبەستی بەرچاو، بەڵام لە هەشت یاریدا تەنیا 11 خاڵی بەدەستهێناوە و لە پلەی 11ی ریزبەندی خولەکەیە و دە خاڵی رێک لە میلانی پێشەنگەوە دوورە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، لەسایەی بوونی دەنگۆی گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید لەپاش رۆیشتنی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە هاوینی داهاتوودا، یانەکانی سعودیە دەیانەوێت لە رێگەی موچەی خەیاڵییەوە سەرنجی ئەو راهێنەرە رابکێشن.
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، یانەکانی ئەهلی و ئیتیحادی سعودی ئامادەن بڕی 50 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە وەک موچە بدەنە مۆرینیۆ لەپێناو مەشقدانی یانەکانیان.
 
رۆژنامەکە دەڵێ دەستەوارەکە سەرنجڕاکێشە، بەتایبەت کە گرێبەستی مۆ لەگەڵ رۆما لە هاوینی 2024 کۆتایی دێت.
 
مۆرینیۆ وێڕای ئەنجامە خراپەکانی ئەمساڵ، بەڵام لای هاندەرانی رۆما خۆشەویستییەکی زۆری بەدەستهێنا، پاشئەوەی پێشەوایەتی یانەکەی کرد بۆ یەکەم نازناوی ئەوروپی لە مێژووی خۆیدا، کاتێک نازناوی کۆنفرانسلیگی بردەوە و وەرزی رابردووش یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگی بەرامبەر سێڤییای ئیسپانی دۆڕاند.