پێپ دڵی بە گەڕانەوەی دی برۆین و ئاگوێرۆ خۆشە

رووداو دیجیتال

لە یەکەم یاری خۆیدا لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا، یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، میوانداری یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی دەکات و دروشمی پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانە ئینگلیزییەکە تەنیا بردنەوەیە.

لە کۆمەڵەی سێیەمدا ئەرکی پۆرتۆی پۆرتوگالی زەحمەت دەبێت، کاتێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەچێتە یاریگەی ئیتحاد.

تیپەکەی پێپ گواردیۆلا، کە ئامانجی سەرەکی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگە، هەموو هەوڵێک دەدات ئەو خەونە گەورەیەی بێنێتەدی، بۆیە دروشمی ئەو یارییەیان  تەنیا بردنەوەیە.

گواردیۆلا دڵی بە گەڕانەوەی کیڤن دی برۆینی باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ خۆشە، هەروەها لەوانەیە سێرخیۆ ئاگوێرۆی ئەرجەنتینیش هەندێک لە کێشەکانی چارەسەر بکات و دوای دابڕانێکی زۆر دەست بکاتەوە بە هەژاندنی تۆڕی تیپەکان.

هەرچۆنێک بێت بردنەوەی 3 خاڵی ئەم یارییە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ تێکوشان لەسەر بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی ئەم کۆمەڵەیە، کە بە ئاسانترین کۆمەڵە دادەنرێت و ئۆڵیمپیاکۆسی یۆنانی و مارسیلیای فەرەنسیشی تێدایە، کە ئەوانیش ئەمشەو لەسەر یاریگەی کارایسکاکیس لە یۆنان رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.