جیاوازی نرخی یاریزانانی ریال مەدرید و شاختار 700 ملیۆن یۆرۆیە

رووداو دیجیتال

ریال مەدرید، پاشای چامپیۆنزلیگ ئەمشەو وەرزی ئەمساڵی ئەو پاڵەوانێتییە بە میوانداریکردنی یانەی شاختاری ئۆکراینی دەستپێدەکات، کە دەبێتە یەکەم یاری ئەوروپی یاریگەی ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ میوانداری بکات.

ئەم یارییەی تیپەکەی زینەدین زیدان لە کاتێکدایە، کە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە، دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا لە لالیگادا لەسەر یاریگەی خۆی بە کادیز دۆڕا، بۆیە ئەگەر تیپەکەی زیزۆ بە هەمان ئەو ئاستە یاری بکات، لەوانەیە شاختار کە هەمیشە لە چامپیۆنزلیگدا بە تیپی سوپرایزەکان ناودەبرێت، مەدریدییەکان تووشی شۆک بکات و دۆخەکە لە زیدان و یاریزانەکانی ئاڵۆزتر بکات.

ئەوەی یارمەتی شاختار دەدات هەڕەشە لەسەر گۆڵی کۆرتوا دروست بکات ئەوەیە کە سێرخیۆ رامۆسی سەرکردە و بەرگریکار و تەنانەت هەندێجار رۆڵبینەری هێرشبەریش بەهۆی پێکانەوە بەشداری لەو یارییەدا ناکات، کە بێگومان یارینەکردنی ئەو ئەگەری ئەنجامدانی هەڵەی کوشندە لە لایەن هێڵی بەرگری ریال زیاددەکات و لەوانەیە هەمووجارێ کۆرتوا نەتوانێت هەڵەکانیان راست بکاتەوە.

ئەگەرچی ریال مەدرید لە رووی کۆلیتی یاریزانانەوە هەرگیز بە یانە ئۆکراینییەکە بەراورد ناکرێت، کە جیاوازی نرخی یاریزانەکانی 700 ملیۆن یۆرۆیە و لە یاریکردنیشدا یانە شاهانەکە هەمیشە لە چامپیۆنزلیگدا بەسەر شاختاردا باڵادەست بووە، بەڵام دەبێ مەدریدییەکان ئەو راستییە بزانن کە نە رۆناڵدۆیان ماوە هاتریکیان بۆ تۆماربکات، نە رامۆس و کارفاخالیش دەتوانن لەنێو یاریگەبن بۆ ئەوەی یارمەتی هێرشبەرە هاورێکانیان بدەن.