مەرجی مانەوەی مۆنتێلا لەگەڵ یانەی میلان


رووداو - هەولێر

یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی مەرجی بۆ مانەوەی ڤیچێنزۆ مۆنتێلای راهێنەری یانەکە هەیە بۆ ئەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەدا بمێنێتەوە.

دوای سێ دۆڕانی لەسەریەک لە خولی ئیتاڵیا و یەکسانبوونی لەگەڵ ئەیک ئەسینا لە یۆرۆپالیگدا، داهاتووی مۆنتێلا لەژێر پرسیاردایە و ئەگەر هەیە راهێنەرەکە دووربخرێتەوە.

تۆڕی سکای سپۆرتی ئیتاڵی رایگەیاندووە، مۆنتێلا بۆ جاری سێیەم لەگەڵ دەستەی کارگێری یانەکەی کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی داهاتووی خۆی یەکلاییبکاتەوە.

مۆنتێلا داوای لە دەستەی کارگێری یانەکەی کردووە بەمەرجی بردنەوەی دوو یاریی داهاتوو لە خولی ئیتاڵی بەرامبەر جێنەوا و کیێڤۆ ڤیرۆنا لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

رۆسۆنێری ئێستا لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەدایە بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ دوای تێپەڕبوونی 8 گەڕ لە خولەکەدا.