پیکێ دەبێتە سەرۆکی بارسێلۆنا؟

21-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جێرارد پیکێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، هەڵوێستی جێرارد پیکێ، بۆ بوون بە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە داهاتوودا ئاشکرا دەکەن.
 
وادەی سەرۆکایەتیکردنی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی ئێستای یانە کەتەلۆنییەکە لە هاوینی ساڵی 2026 کۆتاییدێت و پۆستی سەرۆکایەتیی یانەکە قسەی زۆری لەسەرە، بەتایبەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە پیکێ خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەربژێر بکات.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانی یانەی بارسێلۆنا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پەیوەندیی بە پیکێ کردووە، بۆ ئەوەی هەڵوێستی ئەو یاریزانەی پێشووی یانەکە لەبارەی ئەگەری خۆ بەربژێرکردنی بۆ ئەو پۆستە بزانێت."
 
بەپێی رۆژنامەکە، پیکێ زۆر بە روونی بەو بەڕێوەبەرەی یانەی بارسێلۆنای گوتووە، ئێستا لە دونیای تۆپی پێی پیشەگەری دوورە، هیچ پلانێکی نییە بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکات و ئێستا تەنیا دەیەوێت پشووبدات و جارێ بیری لەوە نەکردووەتەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانە کەتەلۆنییەکە بەربژێر بکات.
 
پیکێ خاوەنی یانەی ئاندۆرایە و کە لە خولی پلە دووی ئیسپانیا یارییدەکات و هاوبەشی فیدراسیۆنی تێنسی جیهانە بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتیی جامی دەیڤز کە 3 ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە پاڵەوانێتییەکەدا خەرجکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە