یۆرگن کڵۆپ: رێگەیەکەی دوور و درێژمان لەپێشە

رووداو دیجیتاڵ

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، رایگەیاند کە وەرزێکی دوورودرێژیان لەپێشە و تێیدا رووبەڕووی تیپی زۆر بەهێز دەبنەوە و یارییەکەی ئەمجارەیان زۆر قورس دەبێت. گوتیشی "یاریزانەکانمان پەیوەندییەکی باشیان هەیە".
 
لیڤەرپوول لە گەڕی یەکەمی یۆرۆپالیگدا، دەبێتە میوانی یانەی لاسك لينزی نەمسایی. یارییەکە کاژێر 19:45 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "نازانم تیپەکەمان تا چەند دەتوانن باش بن، بەڵام من پەرۆشم بەهۆی ئەو توانایانەی کە هەمانە. پێشتر چەند هەفتەیەک لەمەوبەر باسم لەوە کرد، هەروەها ئاماژەم بۆ ئەوە کرد کە هەموو شتێک بەڕاستی باش دەردەکەوێت، ئێستا پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن ئەو توانایەمان بەکاربهێنین، یاریزانەکانمان پەیوەندییەکی باشیان هەیە". 
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکەی یانە ئینگلیزییەکە، هەروەها گوتی "ئێمە درەنگ گەیشتین. بێگومان ئەمە خەتای ئێمە نەبوو، ماوەیەکی زۆر لە فڕۆکەخانە چاوەڕێمان کرد و هۆکاری ئەوەمان نەدەزانی، بەڵام چێژیان لە بەسەربردنی کات بەیەکەوە وەرگرت".
 
کڵۆپ هەروەها گوتیشی "ئێستا پێویستمان بەوەیە ئەو پەیوەندییە بەکاربهێنین و بیگوازینەوە بۆ نێو یاریگە. وەرزێکی دوورودرێژمان لە پێشە کە تێیدا رووبەڕووی تیپی زۆر بەهێز دەبینەوە و یارییەکەی ئەمجارەمان زۆر قورس دەبێت، من ئەو دەزانم".