ڤیدیۆ؛ لێدوانی فەرمی لەبارەی پێکانەکەی مێسی گەیشت

21-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی
نیشانەکردن لیۆنێل میسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی خولی ئەمریکادا، یانەی ئینتەرمەیامی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی تۆرۆنتۆی بردەوە، بەڵام لیۆنێل مێسیی لەدەستدا.
 
لە خولەکی 36ـی یارییەکەدا، مێسی بەناچاری داوای گۆڕانکارییکرد و لەلایەن تاتا مارتینۆ، راهێنەری ئینتەرمەیامییەوە گۆڕانکاریی پێکرا، ئەمەش ترسێکی زۆری لای هاندەرانی ئەستێرە ئەرجەنتییەکە و هاندەرانی یانەکە دروستکرد، بەتایبەت ئینتەرمەیامی لە کۆتایی ئەم مانگەدا یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکای هەیە و پێویستییەکی زۆری بە لیۆیە.
 
دوای یارییەکە تاتا مارتینۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە کە هەمووان دەیانویست زانیارییان لەبارەی مێسییەوە دەستبکەوێت و تاتا گوتی "هیچ هەلێک نییە بۆ یارییکردنی مێسی و ئەلبا بەرامبەر یانەی ئۆرۆلاندۆ، بەڵام پێموانییە شتێکی مەترسیدار یان پێکانی ماسوولکەکان بێت، پێموایە تەنیا هەستکردنە بە ئازار."
 
راهێنەری ئینتەرمەیامی زیاتر گوتی "پێموایە مێسی بەدەست پێکانێکی کۆنەوە دەناڵێنێت، کە لەم دواییەدا لە کاتی پشکنینەکانیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی ماندووی کردبوو، بەڵام لە پشکنینەکاندا هیچ پێکانێکی ماسوولکەیی دەرنەکەوت، بۆیە وای دادەنێین کە ئەو سەلامەتە، وەک چۆن باوەڕمان بەوە نییە کە پێکانی ماسوولکەیە، ئەمە دوای ئەوە هات کە قسەم لەگەڵ مێسی کرد، بەڵام دەبێت بەردەوامبین لە مامەڵەکردن بە وریاییەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشکەوتنەکانی دیکە دەبینین."
 
تاتا لەبارەی لیۆوە قسەی زیاتریکرد و دەڵێت "لە راستیدا نازانم لە یاریی کۆتاییدا یارییدەکات یان نا، پێویستە رۆژ لە دوای رۆژ بڕۆین و بزانین دەتوانێت بەشداری بکات، بۆ ئەوەش دەبێت چاوەڕێی راگەیێنراوی دەستەی پزیشکی بکەین."
 
دوای چوونە دەرەوەی مێسی لە یارییەکەدا، گاستۆن ئیدۆڵ، رۆژنامەڤانی ئەرجەنتینی دەڵێت "مێسی هەستی بە هەوکردن کردووە لە بەشی دواوەی ماسوولکەکانی و پێکانەکەی پێکانی گرژبوونی ماسوولکە نییە، ئەو پێکانەشی نوێ نییە و جێگەی مەترسی نییە، یاریزانەکە هەموو ئامانجێکی ئەوەیە لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکادا یاریی بکات."
 
بەرەبەیانی رۆژی 28ـی ئەم مانگە، یانەی ئینتەرمەیامی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکادا بەرامبەر یانەی هیۆستن دینامۆ یارییدەکات و یارییەکە کاژێر 03:30 دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە