لیڤاندۆڤسکی بۆچی لە تەمەنی 34 ساڵیدا ئاستێکی نایاب لەگەڵ بارسا پێشکەش دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی لە یەکەم یارییدا بۆ یانەی بارسێلۆنا ئاستێکی نائاسایی پێشکەش کرد، کە بەبوونی ئەو بارسێلۆنا بووەتە یەکێک لەو تیپە بەهێزانەی دەتوانێت کێبرکێی بەهێزترین یانەکانی ئیسپانیا و ئەوروپا بکات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە تەمەنی لیڤا 34 ساڵە، بۆیە پرسیار ئەوەیە ئەو یاریزانە بەتەمەنە چۆن دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو ئاستە بەرزەی، کە ئەو سەلماندوویەتی کە زۆر زیاترە لە تەنیا گۆڵکارێک، چونکە بێجگە لە گۆڵکردن لە یاریکردنیشدا هاوکارییەکی زۆری هاوڕێکانی دەکات.
 
هێرشبەرەکە تاوەکو ئێستا ئاهەنگی بۆ تۆمارکردنی 11 گۆڵ بە درێسی بارساوە گێڕاوە و بە 8 گۆڵ گۆڵکاری تاوەکو ئێستای لالیگایە.
 
پسپۆر و چاودێران وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە و باس لە هۆکارەکانی مانەوەی لیڤا لە بەرزترین ئاستدا دەکەن.
 
ئەوان دەڵێن "لیڤا گرنگییەکی رەها بە خواردنەکەی دەدات و بەگشتی گرنگی بە هەموو وردەکارییە بچووکەکان دەدات، کە پێیوایە زۆرجار بچووکترین وردەکاری گەورەترین جیاوازی دروست دەکات".
 
ئەوان دەشڵێن "لیڤاندۆڤسکی هەمیشە هەوڵیداوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە لووتکەدا بمێنێتەوە و لەو پێناوەدا ئەوەی پێویستە دەیاکات، چ لە رووی دەروونی و چ لە رووی جەستەییەوە، ئەو لەوە تێدەگات کە زۆر گرنگە ماوەی چاکبوونەوە و پشوودانی دوای یارییەکان تەنیا  24 کاژێر بێت، واتا ئەوەی پێویستە دەیکات بۆ ئەوەی کە یارییەکی ئەنجامدا دوای 24 کاژێر ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دیکە بەهەمان ئاست و ئامادەییەوە".
 
میدیاکانیش باس لەوە دەکەن کە ئانای هاوژینیشی، کە پسپۆر و شارەزایە لە بواری خۆراک و ژیانی تەندروستدا، رۆڵێکی سەرەکی و کاریگەری هەیە لە یارمەتیدانی لیڤاندۆڤسکی.
 
لای خۆیەوە لیڤاندۆڤسکی خۆی بەئاشکرا رایگەیاندووە کە زمانی ئیسپانی دەخوێنێت بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکات بۆ گونجاندنی زیاتر و خێراتر لەگەڵ بارسێلۆنا و شارەکەی و خەڵکەکەیشی.