کریستیانۆ رۆناڵدۆ: جامی جیهانی قەتەر دوایین پاڵەوانێتی من نابێت
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت " بەشداریکردن لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، دوایین پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی من نابێت."
رۆناڵدۆ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی (Quinas De Ouro) وەک باشترین گۆڵکاری مێژووی هەڵبژاردەکان گوتی " زۆر دڵخۆشم بەبردنەوەی خەڵاتەکە و شانازی بەبەدەستهێنانی دەکەم لەگەڵ ئەو وڵاتەی خۆشمدەوێت."
کریستیانۆ لە پەیامێکدا لە فەیسبووک نووسیوویەتی " سوپاسی هاوڕێکانم دەکەم لە تیپەکەدا، سوپاس بۆ راهێنەرەکان، ماڵباتەکەم، هاوڕێکانم و هەموو هاندەران کە هاوکارییانکردووم بۆ گەیشتن بەبردنەوەی ئەم خەڵاتە گەورەیە."
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دەڵێت " بەردەوام دەبم بۆ شکاندنی هەموو ئەو ئامارانەی دەکرێت بشێکنرێن، سوپاس."
رۆناڵدۆ لە رێوڕەسمی بردنەوەی خەڵاتەکەدا گوتی " کاروانی من لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال کۆتایی نەهاتووە، بەشداریکردن لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر دوایین وێستگەی نێودەوڵەتیی من نابێت، دەمەوێت بەشداری لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024ـیش بکەم، دەمەوێت زۆر بەباشی پارێزگاری لە خۆم بکەم و ئامانجی گەورەم هەیە."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ 189 یاریی نێودەوڵەتیی بەدرێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە ئەنجامداوە، بە تۆمارکردنی 117 گۆڵ گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکانە.