یەکەم دەرکەوتنی یانەی هەولێر لە خولی عێراق لە شاری بەسرە دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕی یەکەمی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق، یانەی هەولێر لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا کاژێر 18:00 لە نێو یاریگەی فەیحا لە شاری بەسرە رووبەڕووی یانەی مینا دەبێتەوە.
 
یانەی هەولێر بەسەرکردایەتی تەها قادر راهێنەری کورد لە خولی نایابی عێراق مانگێک راهێنان و ئامادەکاری و چەند یارییەکی دۆستانەی ئەنجامدا، تیپەکە هیوای بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش و ململانێیە لە خولەکەدا.
 
درێس زەردەکان دوای ئەنجامدانی دواین یەکەی راهێنانیان لەسەر یاریگەی فڕانسۆ هەریری لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەشتی شاری بەسرەیان بەهیوای وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکە کرد. 
 
رێبین رەمزی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند " تیپەکەمان لە ئامادەباشیدایە و کەموکوڕیمان نییە، گەشتی ئێمە بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرانمانە و بۆ سەرکەوتن دەجەنگین". 

 

 
یانەی هەولێر خاوەن چوار نازناوی خولی یانە نایابەکانی عێراقە و دووجار گەیشتووەتە یاری کۆتای جامی یەکێتیی ئاسیا. 
 
وەرزی رابردوو یانەی هەولێر ئاستێکی مامناوەندی پێشکەشکرد و بە کۆکردنەوەی 44 خاڵ لە پلەی دوازدەمی ریزبەندی هات. 

 

راهێنەری یانەی هەولێر بۆ ئەم یارییە هەریەکە لە شێروان کوردستان و رێباز عەبدوڵڵای گۆڵپارێزی بە هۆکاری جیاواز دوورخستووەتەوە.