کۆمۆ کاپتنێکی بارسێلۆنا و یاریزانێکی ریال دەکاتە هاوڕێی عەلی جاسم


رووداو دیجیتاڵ

یانەی کۆمۆی ئیتاڵی کار بۆ گواستنەوەی سێ یاریزانی نوێ دەکات، یەکێکیان لە بارسێلۆنا بوو، ئەوەی دیکەیان لە ریال مەدرید و یەکێکیشی یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتییە.
 
یانەی کۆمۆی ئیتاڵی دوای گەڕانەوەی بۆ سیریا ئەی، لە مێرکاتۆی ئەمساڵدا چەند گرێبەستێکی گرنگی ئەنجامداوە، ئەو یانەیە سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی تواناکانی رافایێل ڤاران بە گواستنەوەیەکی ئازاد، جگە لە ڤاران، یانەی کۆمۆ، هەر یەکە لە یاریزانان، ئەلبێرتۆ مۆرینۆ، پێپێ رینا، ئاندریا بیلۆتی و ئیمیڵ ئودێرۆی گواستووەتەوە ریزەکانی.
 
هەروەها عەلی جاسم، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق، یەکێکە لەو یاریزانانەی کە یانەی کۆمۆ  گرێبەستی لەگەڵ کردووە، ئەو یاریزانە عێراقییە رۆژی سێشەممە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت و پەیوەندی بە تیپەکەوە دەکات.
 
سەرەڕای ئەو گواستنەوانە، یانەی کۆمۆ، هێشتا دەرگای گواستنەوەکانی دانەخستووە، ئەو یانە ئیتاڵییە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی سێ یاریزانی گرنگی دیکە چڕکردووە.
 
یاریزانی یانەی ریال مەدرید، نیکۆ پاز، یەکێکە لەو یاریزانانەی نزیکە گرێبەست لەگەڵ یانەی کۆمۆ، واژۆ بکات.
 
سێرجی رۆبێرتۆ، کاپتنی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، دوای رۆیشتنی لە یانە کەتەلۆنییەکە یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی یانەی کۆمۆ دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
لە هەواڵێکی دیکەشدا راگەیەندرا، ماکسیمۆ پیرۆنی، ئەستێرەی لاوی یانەی مانچێستەر سیتی نزیکە لە گەیشتن بە تیپەکەی سیسک فابریگاس.
 
یانەی کۆمۆی ئیتاڵی، دوای 34 ساڵ، بە سەرکردایەتی سیسک فابریگاس، گەڕایەوە سیریا ئەی، هەردوو ئەفسانەی یانەی بارسێلۆنا و ئارسیناڵ، فابریگاس و تێری هێنری، پشکیان هەیە لە یانەکە.
 
لە یەکەم یاری ئەم وەرزەدا، کۆمۆ، لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 3-0 بە یانەی یوڤێنتوس دۆڕا.