لێدوانی پاریس سانجێرمان لەبارەی سکاڵاکەی ئێمباپێ

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمان، قسە لەبارەی سکاڵای کیلیان ئێمباپێ یاریزانی پێشووی یانەکەی و ئێستای یانەی ریال مەدرید دەکات.
 
ئێمباپێ سکاڵای لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەسەر پاریس سانجێرمان تۆمارکردووە و داوای 55 ملیۆن یۆرۆی مووچەی خۆی دەکات کە لە دوایین 3 مانگی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە ماوە و وەرینەگرتووە.
 
ئێمباپێ سکاڵایەکەی لە رێگەی بەشی یاسایی دەستەی بەڕێوەبردنی خولی فەرەنساوە گەیاندووەتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و میدیای فەرەنسا دەڵێت "مانگی حوزەیرانی رابردوو پارێزەری ئێمباپێ ئاگادارکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە بۆ یانەی پاریس سانجێرمان ناردووە."
 
ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی دەڵێت "کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان رەتیدەکاتەوە هیچ سکاڵایەک بەفەرمی لەبارەی ئەو پرسەوە لەلایەن ئێمباپێ، یەکێتی تۆپی پێی فەرەنسا و دەستەی بەڕێوەبردنی خولەکە نەگەیشتووەتە یانەکە."
 
میدیای فەرەنسا دەڵێت، ئێمباپێ بەتەواوی ئاگاداری ئەو گرێبەستانەیە کە لەگەڵ پاریس سانجێرمان واژۆی لەسەرکردوون و دەزانێت دەبووایە دەستبەرداری هەندێک لە پاداشتە داراییەکانی ببێت و ئەو پاداشتانە گەیشتوونەتە 70 ملیۆن یۆرۆ.
 
کیلیان ئێمباپێ دوو یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە، لە یاریی یەکەمیدا لە جامی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر ئاتالانتا گۆڵێکی تۆمارکرد و یەکەم نازناوی بەدرێسی ریال مەدریدەوە بردەوە، لە یاریی یەکەمیاندا لە لالیگا بەرامبەر ریال مایۆرکا یەکسانبوون و کیلیان نەیتووانی گۆڵ بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە