ئەنچێلۆتی مژدەیەکی بۆ مەدریدییەکان پێیە

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، مژدەیەک دەداتە هاندەرانی یانەکەی، کە پەیوەندی بە ئاردا گولەری یاریزانی لاوی یانەکەیانەوە هەیە.
 
سەرەتا هەواڵەکان باسیان لەوە دەکرد کە پێکانی ئاردا قورسە و لەوانەیە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری ماوەیەکی زۆری پێویست بێت بۆ گەڕانەوە، بەڵام دوای نەشتەرگەری ئاماژەکان دڵخۆشکەرن.
 
وەک میدیاکانی نزیک لە یانەی شاهانە باسی دەکەن، کارلۆ ئەنچێلۆتی هەواڵە خۆشەکەی لەبارەی ئاردا گولەرەوە پێگەیشتووە و ئێستا یاریزانەکە لە دۆخێکی زۆر باشدایە و بەشێوەیەکی باشتر لەوەی پێشبینی دەکرا چاکدەبێتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ئەو یاریزانە دووشەممەی پێشوو نەشتەرگەری لە ئەژنۆی راستیدا بۆ کراوە، لە رۆژانی رابردوودا قۆناخی چارەسەری سرووشتی دەستپێکردووە".
 
میدیای ئیسپانیا ئەڵێن کارلۆ لە نزیکەوە چاودێری دەکات، پزیشکەکانی ریال گوتوویانە ئاردا زۆر زوو چاکدەبێتەوە و هاوشێوەی گا چاکدەبێتەوە".
 
ئەو پزیشکانەی سەرپەرشتی چاکبوونەوەی ئاردا دەکەن، دەڵێن "گولەر زووتر لەو کاتە دەگەڕێتەوە کە پێشبینی دەکرا".
 
ریال مەدرید لە سەرەتای ئەم وەرزەدا، بێجگە لە ئاردا گولەر، لە تواناکانی دوو لە گرنگترین یاریزانەکانی بێبەشبووە، هەریەک لە تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێز و میلیتاوی بەرگریکار، کە تووشی پێکانی قورس بوونە و بەهۆی پچڕانی بەستەری ئەژنۆوە تاوەکو وەرزی داهاتوو ناتوانن بگەڕێنەوە، لەبەرئەوە گەڕانەوەی ئاردا بە کاتێکی زووتر هەندێک لە کێشەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتی چارەسەر دەکات.