ڤیدیۆ؛ پۆرتۆ لە خولەکی 100 گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕی دووەمی خولی نایابی پۆرتوگالدا، یانەی پۆرتۆ لەسەر یاریگای دراگاو بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە فارێنسی میوانی بردەوە.
 
پۆرتۆ لە خولەکی سێزدەیەمدا بە گۆڵێک کە وێندەرسۆن گالینۆ تۆماریکرد، پێشکەوتنی بەدەستهێنا.
 
فارێنسی لە خولەکی یەکەمی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا بە لێدانێکی بەهێزی روی کۆستا ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە.
 
پۆرتۆ لە گێمی دووەمدا کۆنترۆلی تەواوی یارییەکەی کرد و گوشاری خستە سەر میوانەکەی و چەندینجار نزیکبوو لە گۆڵکردن، بەتایبەتیش لە خولەکی شەست و شەشەمدا کە خواو ماریۆ تۆپێکی لە ستوونی گۆڵی فارێنسی دا.
 
گوشارەکانی پۆرتۆ بەردەوام بوون تاوەکو لە خولەکی 10ـی زیادکراودا، ئیڤان مارکانۆ گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ تیپی خاوەن یاریگە تۆمارکرد و سێ خاڵی بەدەستهێنا. 
 
ئەمە دووەم سەرکەوتنی پۆرتۆ لە دوو یارییدا، کە بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دایە و بە جیاوازی گۆڵ لە دوای بواڤێستا و سپۆرتینگ لێسبۆنە دێت. فارێنسیش لە پلەی حەڤدەمدایە، کە هەردوو یارییەکەی دۆڕاندووە.